بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “شیوا کاشانینژاد” و “موژگان سەمیمی” بە تۆمەتی “چالاکی فێرکاری و بانگەشەی پەیوەندیدار بە ئایینی بەهایی” لە لایەن لەقی ٣ی دادگای شۆڕشی ڕەشت، هەر کامەیان حوکمی دوو ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران بە سەریاندا سەپاوە.
هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە بەپێی سزای تەواوکەر، بە پێبژاردنی بڕی ٨٠ ملیۆن و ١٠ هەزار تمەن جەریمەو بێبەش بوون لە مافی کۆمەڵایەتیی خۆیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ و یەک ڕۆژ حوکم دراون. ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ بە پارێزەرانی ئەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، موژگان سەمیمی و شیوا کاشانینژاد ڕەزبەڕی ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەستبەسەر کرابوون. ئەم هێزانە لەکاتی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە دەستیان داوبووە پشکنینی ماڵەکەیان و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسی ئەندامانی بنەماڵە لەوانە مۆبایل، کتێب و تەنانەت کتێبی چیرۆکی منداڵانیش، گرتبوو. شایانی باسە، جۆزەردانی ساڵی ڕابردووش کوڕ و زاوای شیوا کاشانینژاد، بە ناوەکانی “ئانیسا سەمیعیان” و “وەساڵ مومتازی” بەهۆی باوەڕمەندیان بە ئایینی بەهایی، حوکمی ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیان بە سەردا سەپێنرابوو.