بەپێی ڕاپۆرتەکان، “شەهلا چووپانی” هاووڵاتیی تەمەن ٣۵ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن لقی ١٠۵ی دادگای تاوانەکان لەو شارە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان”، سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، لە دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتایییەکان وەک هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوە سەر ماڵی شەهلا چووپانی لە شارۆچکەی “قەوەخ”ی سەقز و دەستبەسەریان کردووە. پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو و گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە، دواجار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە ئازاد کرابوو.