فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی حوکمی زیندان بەسەر چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی پەخشان عەزیزی
هەینی ۰۶-۰۷-۱۴۰۳   |  27-09-2024

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەر، لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران، حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەر عەزیز عەزیزی تەمەن ٦٧ ساڵ، پرشنگ عەزیزی تەمەن ٤٨ ساڵ و حسێن عەباسی تەمەن ٤٨ ساڵ و هەروەها سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەر ئەیووب ئەنیسی یەنگیجە بە تەواوی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆتایییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی “یارمەتیدانی تاوانبار بەمەبەستی ڕزگارکردنی لە دادگاییکردن و حوکمەکەی” سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەر باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی و بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوانێک دژ بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات” حوکمی دوو ساڵ بەندکرانی بەسەر ئەیووب ئەنیسی یەنگیجەدا سەپاندووە. هاوکات کەمپینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا ڕایگەیاندووە، پشتڕاستکردنەوەی ئەم حوکمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی یاسا، تەواوی ئەو کەسانە لە دۆسیەیەکدا سزایان بەسەردا سەپێندراوە و ئەو دۆسیە لە ئەنجامی دوایین پێداچوونەوە کە پارێزەرەکانی داوایان کردووە، بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردراوە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ، پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد کە بە تۆمەتی “بەغی” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە و لە یەک ساڵ پێشترەوە لە زیندانی ئێڤینی تاران راگیراوە، بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەژێر ناوی “ئاژاوەنانەوە لە زیندان” لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران تۆمەتبار کراوە.