حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی “تەها ڕەسووڵیان، سینا دەشمیر، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، موحسین قادری، چیا شەهیدئەقدەم” و دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ناوەکانی “عەبدوڵڵا و مەحموود قەنبەریوەند” لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەوشارە، بە ١٥ ساڵ زیندان، پێبژاردنی پارە و ١٦٠ زەربە شەلاق مەحکووم کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان، سینا دەشمیر، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور و موحسین قادری، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار بە تۆمەتی “هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی”، هەرکامیان سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ زەربە شەلاق مەحکووم کراون.
هەروەها، عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، بە تۆمەتی “بەشداری لە دروستکردنی ٢٠ دانە کۆکتۆل مۆلۆتۆڤ لە ماڵەوە” سزای ٦ مانگ بەنکردن و پێبژاردنی بڕی ٢٠٠ هەزار تمەن پارە بە سندووقی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و “چیا شەهیدئەقدەم” بە تۆمەتی “هاتووچۆی نایاسایی لە سنوورەکانی ئێران” سزای پێبژاردنی بڕی پێنج ملیۆن تمەن پارە بە سندووقی دەولەتیی کۆماری ئیسلامی بەسەریاند سەپاوە. هەر لەم پەیوەندییەدا مەحموود قەنبەریوەند، بە تۆمەتی “دروستکردنی چەکێکی ساچمەیی” سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن، بە تۆمەتی “دروستکردنی چەکێکی دروستکردنی شەڕ” سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی “ڕاگرتنی سێ گوللەی شەڕ” سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی “دروستکردنی ٢٠ دانە کۆکتۆل مۆلۆتۆڤ لە ماڵەوە” سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.