بەپێی زانیارییەکان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ماشەڵڵا کەرەمی لە لایەن دادگای شۆڕشی کەرەج، بە تۆمەتی “پێکهێنانی باند و گرووپ” بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “هەوڵدان دژ بە حکوومەت” سزای یەک ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێنراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حکوومەت دەستی بەسەر تەواوی ماڵ و دارایی و ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی ئەم بنەماڵە دادخوازە گرتووە و زەوتی کردووە. ماشەڵڵا کەرەمی پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی شاری نەزەرئاوا بە “بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی” تۆمەتبار کرابوو. ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواستراویەوە. چەند ڕۆژ پێش ئەوەش، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و دوای پشکنینی ماڵەکە، ژمارەیەک لە کەلووپەلی تاکەکەسیی محەممەد مەهدی کەرەمییان لەگەڵ خۆیان بردووە. جێگای ئاماژەیە، ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی پارەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی کەرەج، گواسترابوویەوە.