سەپاندنی حوکمی ٣ ساڵ زیندان بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار
چوارشەممە ۱۲-۰۲-۱۴۰۳   |  01-05-2024
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی “سۆران مەحموودی” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. سۆران مەحموودی سەرەتاکانی پاییزی ڕابردوو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بەدانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.