دادگایەکی تورکییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی گوڵان، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی کە هەشت ساڵ لەمەوبەر لەدژی گەمارۆی شاری کۆبانی لە لایەن داعشەوە سەریهەڵدا، حوکمی ٤٢ ساڵ زیندانی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی پارتی دێمۆکڕاتی گەلان دا سەپاند.
هەروەها دەسەڵاتی دادوەری تورکییە حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی تری بۆ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی ئەو پارتە دەرکرد. دەمیرتاشی تەمەن ٥١ ساڵ، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستگیرکراوە. پێشتر دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە ئانکارا کردبوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئامانجی زیندانی کردنەکەی “خنکاندنی فرەی سیاسییە” بە زووترین کات ئازادی بکات. هەروەها دادگا بڕیاری ئازادکردنی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی دەرکرد، لەوانە “گوڵتان کیساناک”، سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر، بەڵام زۆری دیکە حوکمی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، لە کۆتا دانیشتنی یاسایی دۆسیەی کۆبانێ، دادگای ئانکارا، “ئەحمەد تورک” سەرۆکی شارەوانی مێردینی بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکوم کرد.