
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا بێنیامین ڕەحیمپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگ” و دانیشتووی شاری سنە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەمشارەوە بە تۆمەتی، “پڕوپاگەندە دژی حکوومەت” و “چالاکی بۆ حیزبێکی کوردستانی”، حوکمی یەکساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندانی پارەکە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بەڕێوە چوو و حوکمی دەرکراو، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندان بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو. بێنیامین ڕەحیمپوور، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی کارەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای سنە گواسترابوویەوە. ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا، ٢٠ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، دوای نۆزدە ڕۆژ دەستبەسەرکران لە بەندی تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سپا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆنی و بە شێوەی کاتی تا کاتی کۆتایی هاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.