سەپاندنی حوکمی یەکساڵ زیندان بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە
چوارشەممە ۰۷-۰۳-۱۴۰۴   |  28-05-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، “ژیان میری” خەڵكی تەنگیسەری سەر بە شاری سنە، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەمشارە، بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی” حوکمی یەکساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها ئەم چالاكە ژینگەپارێزییە، وەكوو سزادانی تەواوكەر، بە پێبژاردنی ٥٠ ملیۆن تمەن پارەی نەختی مەحكووم كراوە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو لە ڕێكەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣، لە گەڕەكی “مسناو”ی شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد كرابوو.