هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە زیندان مەحکووم کرابوو بۆ جێبەجێ کرانی حوکمەکەی دەستبەسەرکرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندان(١٩ی فێوریە)، “هاشم مۆرادی”، هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی پیرانشار پاش سەردانی بۆ ئیجرای ئەحکامی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی دەورانی مەحکوومییەتی ٥ ساڵەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی نەغەدە کرا.
هاشم مۆرادی خەڵکی گوندی “شین ئاوا”ی پیرانشار، ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی پیرانشار دەستبەسەر و دوای یک مانگ بە بارمتە ئازاد کرابوو.
هاشم مۆرادی دواجار مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانسار بەناوەکانی خزر قادری ئازەر، موحەممەد قادری ئازەر، عەلی یایزیدیپوور، شەفیع موحەممەدنەژاد و ئیسماعیل موحەممەدپوور لەلایەن دادگای ڕژیم لە پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە یەکێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە پێنج ساڵ حەبسی تەعزیری مەحکووم کران.