بەپێی ڕاپۆرتەکان، سێ هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی پیرانشار، سنە و ورمێ، لە پێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری لەمشارانە، سەرجەم بە ١٠ ساڵ و دوو مانگ زیندان مەحکووم کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، [عەلیرەزا ڕەسووڵیان] ناسراو بە (ماردین) خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دادگای تاوانەکانی پیرانشارەوە بە تۆمەتی [هەوڵدان لە دژی نیزام]بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کراوە. هەروەها، [مەهسا فەرهادی] ٢١ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی تاران کە پێشتر بە هۆی بەشداری کردن لە ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٢ی دادگای ڕژیم لە شەهریاری تاران، حوکمی دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. مەهسا فەرهادی، رێکەوتی ٢٤ی مانگی خەزەڵوەر لە کاتی جێهێشتنی شوێنی کارەکەی لە شارەکی ئەندیشەی یەکەم، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە دەستبەسەر و دوای قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕاپێچی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا. لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە سەپاندنی ٥ ساڵ و شەش مانگ زیندان بەسەر [داوود کابالی] لە دەستبەسەر کراوانی شاری ورمێ و هەروەها تەحەمۆلی ٣٠ زەربە شەلاق و پەرداختی سزای نەقدی و ئەنجام دانی کاری ئیجباری دەکەن.