فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر هاووڵاتیەکی خەلکی شاری سەحنە
پێنجشەممە ۲۰-۰۷-۱۴۰۲   |  12-10-2023

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەحنەی سەر پارێزگای کرماشان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە حکوومەتییەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕەزا ڕەسایی، لاوێکی ناڕازیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەحنە لەلایەن لقی ٢ی دادگای تاوانەکان لە پارێزگای کرماشان، بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندووە.  بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو سزایە بەهۆی گوشارەکانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ڕژیم و سەرەڕای نەبوونی شایەت و بەڵگە و بەڵگەنامەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە، بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە.
ڕەزا ڕەسایی لە ماوەی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەکانیدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و بە مەبەستی ئامادەکردنی دۆسیەیەکی دادوەری، دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە.  نادر بەیرامی، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەحنە، ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری پارەکە، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی شاری سەحنە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خەلیل عەلینژاد، کوژرا.  هاوکات و پاش ماوەیەکی کەم لە کوژرانی ئەم بەرپرسە ئەمنییەتییە، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە وەڵامی داخوازیی بنەماڵەی ڕەسایی بۆ سەردان و چاوپێکەوتنی کوڕەکەیان، پێیانی ڕاگەیاند کە ڕەزا ڕەسایی سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.  ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی، ٣ی سەرماوەزی پارەکە لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان گواسترایەوە.  شایانی باسە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەری کراوە.