بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕابردوودا سەعدوون جەمشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سایینقەڵا، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ لەو شارە، بە ٨٠ زەربە شەلاق مەحکووم کراوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان، ناوبراو دەبێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لێدانی ٨٠ قامچییەکەی، سەردانی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای شاری سایینقەڵا بکات.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دوو حەفتەی دەستبەسەربوونی ئەم جارەیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە. جێگای ئاماژەیە، سەعدوون جەمشیدی ٢٦ی ڕەشەممەی پارەکە، لە بازگەیەکی پشکنینی سایینقەڵا بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕێزیکردن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و دوای دوو حەفتە بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.