فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی سزای ١١ ساڵ زیندان بەسەر نووسەر و لێکۆڵەرێکی خەڵکی شیراز
یەکشەممە ۱۲-۰۱-۱۴۰۳   |  31-03-2024

مێهرزاد مووسەوی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شیراز، لە پێنج مانگ پێشترەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا، سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و سەرەڕای بارودۆخی دژواری تەندروستیی لە زیندانی عادڵئاوای شیراز ماوەی سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.
مێهرزاد مووسەوی، نووسەری خەڵکی شیراز، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەزەڵوەری پارەکە، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری شیراز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکرا.
مانگی بەفرانباری پارەکە، مێهرزاد مووسەوی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری شیراز بە تۆمەتەکانی “ئەندامبوون لە ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری حکومەت” و “پێکهێنانی باند و گرووپ”، بۆ هەر یەک سزای پێنج ساڵ زیندان و بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها ئەو نووسەرە سزای قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە ئێران، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت، قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوورخستنەوەی بۆ بەردسیری کرمان، هەر یەک بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندراوە.
مێهرزاد مووسەوی ئێستا لە زیندانی عادڵئاوای شیراز مانگی پێنجەم لە سزای بەندکرانەکەی خۆی تێپەر دەکات و بەهۆی نەخۆشی و بارودۆخی خۆراک لەو زیندانە، لە بارودۆخێکی تەندروستی ناجێگیردا بەسەر دەبات.
شایەنی ئاماژەپێدانە کە، مێهرزاد مووسەوی نووسەری دوو کتێبی “ئێران لە دوو هێرش” و “مژارێک لەسەر پێشینەی هونەری هێخامەنشییەکان”ە و لە بواری مێژوویی و کولتووریدا لێکۆڵینەوەی بووە.