هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان کە پێشتر بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
لوقمان پیشیار، تەمەن ٥٨ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، بە تۆمەتی “ئەندامەتی و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ناوبراو لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی حەسەن مەردانی و تەمەن ٦٠ ساڵ، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا و دواتر ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنیی و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی شاری بۆکان ئازاد بووە.