لە ماوەی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی عەلی گوڵمحەممەدی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکان لە شاری بۆکان بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، بەشداریی ناڕەزایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی تراکت و بڵاوکراوە”، بە کۆی گشتی ٣٢ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیاری سزای ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی حەفتەی ڕابردودا و لەلایەن دادگای تاوانەکان لە شاری بۆکان بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ٢۵ی بەفرانباری پارەکە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی ڕەوتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
شایانی باسە کە عەلی گوڵمحەممەدی، لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.