بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “سەمیرا ئەحمەدی” چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی “بەشداری لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی میللی” سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ئەو سزایە، ڕۆژانی پێشووی بەندکرانی ناوبراو هەژمار دەکرێت و هەروەها جگە لەو ٣ ساڵ بەندکرانە، سزای ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانیش بەسەریدا داسەپێندراوە. سەمیرا ئەحمەدی کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان لە شەقامی شارەوانی سەقز بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە شاری سنە گواسترایەوە. ناوبراو لە ئاکامدا دوای تێپەڕکردنی ٣٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، بەدانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادوەرییەکەی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی سنە ئازاد کرابوو. شایانی باسە، سەمیرا ئەحمەدی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆی کراوە و لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.