سەپاندنی سزای ٤٤ مانگ بەندکردن بەسەر هاووڵاتیەکی خەڵکی شنۆ و دەستبەسەرکرانی ناوبراو بۆ جێبەجێکردنی ئەم سزایە
چوارشەممە ۳۰-۰۱-۱۴۰۲   |  19-04-2023
ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە عوسمان ئەسعەدی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی شنۆ، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوە سزای بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوە.
ناوبراو لەم دواییەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆوە بە تۆمەتی “هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ یەکیک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” و “بەشداری لە مانگرتنی بازاڕیانی شنۆ” سەرجەم سزای سێ ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
عوسمان ئەسعەدی، کاسبکاری خەڵکی شنۆ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە ڕفێندرا. ناوبراو دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە، بەشێوەیەکی کاتی و هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردنی ئازاد کرابوو.