سەپاندنی سزای ٥٤ مانگ بەندکران بەسەر لاوێکی خەڵکی بۆکان
سێشەممە ۲۲-۰۱-۱۴۰۲   |  11-04-2023
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە هەورام مێهرنەوایی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی ڕاپەرینی جەماوەریی ئەم شارە دەستبەسەرکرابوو، یەک مانگ دوای بڕیاری دادگا و سەپاندنی سزای ٥٤ مانگ بەندکران بە سەر ناوبراودا، بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەم سزا سەپێندراوە بەسەریدا دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
هەورام مێهرنەوایی لە ماوەی دەستبەسەرکران و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییکردنیدا لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ بەریبووە.
ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە ڕەوتی ڕاپەرینی جەماوەریی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرابوو.