بە پێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “یاسین مووسەوی”، نوێباوەڕی مەسیحی لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئەهوازەوە بە تومەتی”ئەندامبوون لە گرووپێک بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش گشتی”، “بانگەشە دژ بە حکومەت لە ڕێگای بەرەوپێشبردنی ئایینی مەسیحییەوە” ١٥ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
یاسین مووسەوی ڕۆژی ٣ی بەفرانباری پارەکە، لەگەڵ کۆمەڵێک لە نوێباوەڕانی مەسیحی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری ئیزە دەستبەسەرکراو دوای ٢٠ڕۆژ بۆ زیندانی شیبانی ئەهواز گواسترایەوە. ئەو هاووڵاتییە لە کۆتاییدا ڕۆژی ١١ی گوڵانی ئەمساڵ، بە دانانی بارمەتە بە شێوەی کاتی، هەتا تەواو بوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە زیندانی شیبانی ئەهواز ئازاد کرابوو. جێگای ئاماژەیە، یاسین مووسەوی لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ئیزە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمەتە ئازاد کرابوو.