فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەپاندنی ١٦ مانگ زیندان بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام
دوشەممە ۲۴-۰۷-۱۴۰۲   |  16-10-2023

“ئەمیر حسێن موسەویان زادە”، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەمشارە، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندا لە دژی کۆماری ئیسلامی” سزای ٨ مانگ بەندکران و بۆ تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە خامنەیی” سزای ١٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
شایانی باسە، ١٣ مانگ لە ماوەی ١٦ مانگ بەندکرانی ئەم لاوە ناڕازییە بۆ پێنج ساڵ هەڵپەسێردراوە و سێ مانگی دیکەشی، گۆڕدراوە بۆ بڕی سێ ملیۆن تمەن پێبژاردن. هەروەها سزای ٨ مانگ بەندکرانی ناوبراو، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەر کرانی جێبەجێ دەکرێت. هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری پارەکە، ئەمیر ڕەزا موسەویان زادە، تەمەن ١٥ ساڵ و برای چکۆلەتری ئەمیر حسێن موسەویان زادە، بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بارمتە گیرابوو. ناوەندە ئەمنییەکان لەبەرانبەر ئازادکردنی ئەم مێرمنداڵە داوای ڕادەستکردنی “ئەمیر حسێن موسەویان زادە”یان کردبوو کە لە هەمان ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو ئازاد کرابوو.