سەپاندنی ١٦ مانگ زیندان بە سەر هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار
دوشەممە ۰۸-۰۸-۱۴۰۲   |  30-10-2023
بەپێی ڕاپۆرتەکان، محەممەد سوهرابی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماوەی ڕابردوودا و لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم” سزای ١٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ئەم هاووڵاتییە لەلایەن ئەو دادگایەوە سزای ساڵێک دوورخستنەوەی بۆ پارێزگای زەنجان بەسەریدا سەپاوە. محەممەد سوهرابی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشارە و ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری پارەکە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و دواتر ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دوای ٢ مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورسی ٥ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو.