سەپاندنی 18 مانگ زیندان بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە
یەکشەممە ۱۶-۱۰-۱۴۰۳   |  05-01-2025
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا سەلام ئازەری، تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستانی” بە ١٢ مانگ زیندان و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندەی دژی حکومەت” بە ٦ مانگ بەندکران مەحکووم کراوە.
جێگای ئاماژەیە، سەلام ئازەری ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری پارەکە، لە شوێنی کارەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کرابوو و دواتر ماڵەکەی لە لایەن ئەم هێزانەوە بە تەواوی پشکێنراو بوو. ناوبراو لە ئاکامدا دوای ماوەیەک دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٢ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی و تا ساتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.