دوایین پەردەی چواردەهەمین شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا کۆتایی هات و مەسعوود پزیشکیان ڕێفۆرمخوازی خزمەتکار و ملکەچی ویلایەت لە سندووقی دەنگدان هاتە دەر. لە خولی دووهەمی ئەم شانۆ ئینتخاباتییەدا ئوسوولگەراکان، ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، ئیعتداڵگەرایان، سپای پاسداران و خامنەیی و میدیاکانی حکوومەت چالاکانەتر کەوتنە خۆ تا شکستی دەوری یەکەم قەرەبوو بکەنەوە و لە دووهەم شانۆی ئینتخاباتدا شکستەکەیان ئابڕوومەندانەتر بێت. ئەمجارە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فارسی زمانی بی بی سیش هاوشێوەی ستادی تەبلیغاتیی کۆماری ئیسلامی هاتە مەیدان تا بۆ ئەم گاڵتەجاڕییە ئینتخاباتییە بازاڕگەرمی بکات. کەناڵی ئێران ئینترنەشناڵ هەوڵی دا تا مانۆڕی فریوکارانەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی واتە هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر کارساز نیشان بدات. یەکیەتیی ئورووپا دۆسیەی پەیوەندیدار بە تۆمارکردنی ناوی سپای پاسداران لەناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی چالاک کرد تا ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامە بگەیەنێ کە ئەگەر جەلیلی دیاری بکرێت ئەگەری تۆمارکردنی سپای پاسداران لەناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەچێتە سەرێ. سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە و دوو جەمسەری کردنەوەی فەزای “ئینتخابات” لە نێوان ڕێفۆرمخوازی خزمەتکاری ویلایەت و وشک مێشکترین بەربژێری ئوسوولگەرا، دەزگای درۆ و پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە حیسابکردنی دەنگی سپی و نادروست، ڕێژەی بەشداریکردنی لەم ئینتخاباتە کەمتر لە ٥٠ لەسەد ڕاگەیاند.
بەڵام ڕاپۆرتی شایەتحاڵان، ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە ناوەندە چۆڵەکانی دەنگدان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە پێچەوانەی ئەم ئیدیعایەمان پێ نیشان دەدات. ڕێژەی بەشداری لە پارێزگای تاران ٢٣ لەسەد ڕاگەیەندراوە. خەڵک لە هەموو شارەکانی کوردستان، شارەکانی پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان لە کردەوەیەکی هاوئاهەنگ و یەکپارچەدا بە نەچوون بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان، نایەکی بەهێزیان بە کۆماری ئیسلامی وت. لە شارەکانی خووزستان کە هەراوهەنگامەی تەبلیغاتیی باندەکانی حکوومەت لە جەرگەی درێژەی مانگرتنی کرێکاران لە ناوەندەکانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی و لە جەرگەی درێژەی خەباتی خانەنشینان لەئارادا بوو، شانۆی دەوری دووهەمی ئینتخاباتیش بە شکست کێشرا. ئەم ئامار و ڕاپۆرتانە نیشانی دەدەن کە سەرەڕای هەموو فرتوفێڵ و تاکتیکێکی باندەکانی حکوومەت و سیاسەتی ستراتێژیکی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی واتە “ئاشتکردنەوەی خەڵک لەگەڵ سندووقی دەنگدان و پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان میللەت و نیزامی ئیسلامی” و سەرەڕای هاودەستیی میدیا بەکرێگیراوەکانی سەرمایەداری، کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتوو لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەوری دووهەمی شانۆی ئینتخاباتیشیان بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە.
جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زۆرینەی خەڵکی ئێران کە لەژێر فشاری گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و هەڵاواردن و نابەرابەری و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان ژیانێکی سەخت و دژواریان بەسەردا سەپاوە، لە جەریانی ژیان و خەباتی ڕۆژانەی خۆیاندا سرووشتی ڕاستەقینەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتییان ناسیوە. ئەوان دەزانن کە خستنەدەری کارگای پێنج کەسی و پاشان دە کەسی لە چوارچێوەی یاسای دژەکرێکاری ڕژیم و گۆڕینی بەردەوامی ئەم یاسای کارە لەپێناوی هەرزانکردنی هێزی کاری کرێکاران، لە دەورەی دەوڵەتە ئیسلاح تەڵەب و ئیعتداڵگەراکاندا ئەنجام دراوە. زۆرێک لە یاسا دژەژن و دژەکرێکارییەکان لە سەردەمێکدا کە ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتی لە مەجلیسدا کارەیەک بوون پەسندکراون. هێرش بۆسەر کوی دانشگا و وەبەر گولـلەدانی خوێندکارانی ئازادیخواز لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ٧٨ی هەتاوی، لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیدا ڕوویدا. ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە هێرش بۆسەر ناڕازییان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ و لە خەڵتانی خوێنکردنی بەشمەینەتانی شار لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ و لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا هاودەستی سپای پاسداران و باندە حکوومەتییەکان بوون و دەستیان بە خوێنی خەباتکارانی شەقام و ئەو ئینسانانە سوورە کە لە ژێر ئەشکەنجە یان بە پەتی سێدارەوە گیانیان بەختکرد.
کرێکاران و بەشمەینەتان و جەماوەری تێکۆشەری ئێران بە پشت بەستن بەم ئەزموونانە نە تەنیا لە ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بۆ ڕێفۆرمی ڕژیمی ئیسلامی، لە شێوازی هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر و لە سندووقی دەنگدان، بەڵکوو لە گشت نیزامی ئیسلامی تێپەڕیون و خۆیان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە دەکەن. دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئوسوولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا” سەلمێنەری ئەزموون و هوشیاریی ئەوان بوو لەئاست سرووشتی ڕاستەقینەی باندەکانی حکوومەت. ئەوان باش دەزانن کە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای نیزامی وەلایەتی فەقیهە دامەزراوە، نە سەرۆک کۆمار و نە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی هیچ دەورونەخشێکیان لە داڕشتنی سیاسەتە سەرەکی و گرینگەکاندا نییە. سەرۆک کۆماری ملکەچی ویلایەت و ئەندامی دەوڵەتێک کە بەڵگەی سەلاحییەتی خۆی دەبێ لە ئاڵقەی سپای پاسداران، لە بەیتی ڕێبەری و لە مەجلیسێک وەربگرێت کە لە چنگی ئوسوولگەرایاندایە، تەنیا گاڵتەجاڕییە و هیچی تر. خەڵکی ئێران کە لەماوەی دوو سێ حەفتەی ڕابردوودا گەلێک دیمەنی قیزەونیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەڤیزیۆنیی کاندیدەکانی ئیسلاح تەڵەب و ئوسولگەرا بینی، ئەمجارە دەبێ هەموو ڕۆژێ شایەدی پرتە و بۆڵە و شەڕەقسەی قیزەون بن لەسەر چۆنیەتیی تاڵانکردنی جەماوەری ستەمدیدە و لەسەر چۆنیەتیی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز کە هوشیارانە ئەم شانۆیەی هەڵبژاردنی ڕژیمیان بەرەوڕووی شکست کردەوە باش دەزانن کە ستراتێژی کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و باندەکانی حکوومەت بۆ پاراستنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پەرەپێدانی سەرکوت و ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگایە. خەڵک بینییان کە دروست لەو ڕۆژانەدا کە کەمپەینی ئەم گاڵتەجاڕییە ئینتخاباتییە لەئارادابوو و بەڵێنی درۆینەی باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵگا گوێی عالەمی کەڕ دەکرد، شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاری بەتۆمەتی بێبنەما بە ئێعدام مەحکووم کرا و باندەکانی حکوومەت دەستیان دایە دەستی یەک تا مانگرتنی کرێکارانی نەوت و و پێترۆشیمی تێکبشکێنن.
بێگومان وادە و بەڵێنی درۆینەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەت لەسەر ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، ناڕەزایەتیی بەردەوامی خانەنشینان، لەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ژنان و خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، خۆڕاگری و خەباتی زیندانییانی سیاسی و دایکانی دادخواز و لەسەر لەشکری مەزنی ناڕازیان بەم بارودۆخە هیچ کاریگەرییەکی نابێت. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بزووتنەوەی نان و کار و ئازادی ڕیشەی لە واقعیەتە ماددییەکانی کۆمەڵگای ئێراندایە. سگی برسی، سفرەی بەتاڵ، گەرووی تینووی ئازادی و قوبانییانی هەڵاواردنی ڕەگەزی هەموو ڕۆژێ ئەم پێداویستییەی ژیان هاوار دەکەن. ئەم ڕووبارانەی ناڕەزایەتی و خەبات و شۆڕش پێویستە یەک بگرنەوە و ئیرادەی خۆیان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ڕێکبخەن. چینی کرێکار بەپێی پێگەیەک کە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا هەیەتی، لە میحوەری ئەم خەبات و ئاڵۆگۆڕەدایە. چینی کرێکار لەسەر بەستێنی بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا و بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ئێستا و بە پشت بەستن بە لێهاتوویی ئەو ڕێبەرە سۆسیالیست و خۆشەویستانەی کە لە دڵی خۆیدا پەروەردەی کردووە، توانای ئەوەی هەیە کە هێزی خۆی ڕێکخراوتر بێنێتە مەیدانی خەباتی سیاسییەوە. پەرەپێدان و قایمکردنی پەیوەندیی بزووتنەوەی کرێکاری لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دەتوانێ بەستێنی مانگرتنی سیاسیی جەماوەری لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەرشەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووری و سەرکوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکەن و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی فەرهەم بکەن.