
ڕۆژی دوازدەی مانگی خەرمانان شلێر ڕەسووڵی لەبەرامبەر دەستدرێژیدا ڕێگایەکی تری نەبوو غەیری ئەوەیکە لە پەنجەرەی تەبەقەی دووهەمی بینایەکەوە خۆبەرداتەوە. ئەو خەڵکی ئاوایی چەشمیەری سەربە سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان بوو. هاوسەرەکەی لە کوردستانی عێراق کرێکاری دەکات. شلێر خاوەنی دوو منداڵی سێزدە ساڵە و شازدە ساڵە بوو. کەسە تاوانبارەکە ناوی گۆران قادری ناسراو بە “گۆران قاسمە سپوور” یەکێک لە ئەوباشە بەناوبانگەکانی مەریوانە.
شلێر بەر لەم ڕووداوە چەندین جار یارمەتیی هاوسەری نەخۆشی گۆرانی دابوو و بۆ موداوا و دەرمان، ئەوی بە ئۆتۆمبێل گەیاندبووە نەخۆشخانە. گۆران ئەمجارەیان شلێر بۆ ماڵە خۆی دەعوەت دەکات و شلێریش بۆ کۆمەک بە هاوسەری گۆران دەڕواتە ماڵیان، غافڵ لەوەیکە ئەمجارەیان هاوسەری گۆران لەماڵێ نییە و نیازێکی شووم لەئارادایە. شلێر دوای ئەوەیکە هیچ ڕێگایەکی تر بۆ موقاومەت لە بەرامبەر ئەم پەلامارەدا نابینێت بەناچار خۆی لە پەنجەرەی ساختمانەکەوە دخاتە خوارەوە و بەهۆی زەربەی توندەوە دەکەوێتە حاڵەتی کۆماوە. شلێر دوای چەند ڕۆژ کۆما و موقاومەت بەرامبەربە مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی مانگی خەرمانان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە گیانی بەختکرد. تەرمی شلێر هەر لەم ڕۆژەدا لە سنەوە ڕەوانەی مەریوان کرا. بەدوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا کۆمەڵێکی بەرین لە ژنان و پیاوانی خەباتکار و ئازادیخوازی شاری مەریوان بەنیشانەی تووڕەیی و ناڕەزایەتی دژبەم دەستدرێژییە هەوسارپچڕاوەی ئەوباشێکی ڕێژیم، چ لە کاتی ئەسپەردەکردنی جەنازە و چ لە کاتی ڕێپێوان و کۆبوونەوە لەبەرامبەر فەرمانداریی مەریوان، بە هەڵگرتنی پلاکارد و بەوتنەوەی درووشمی “پیاوسالاری و سەرمایە، هۆکاری ئەم بەڵایە”، “ئێمە هەموومان شلێرین” نەفرەت و بێزاریی قووڵی خۆیان لەئاست ئەم دەسدرێژییە ئاشکرایە و دژبە کلتووری پیاومەزنی نیشان دا.
تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنانی مەریوان بێهۆ نییە. ئەوان بەردەوام دەکەونە بەر پەلاماری یاسا و سوننەتی دژی ژن و هاوچارەنووسیی قووڵی خۆیان لەگەڵ “شلێر” هەست پێدەکەن. لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئەوە دووەمین جارە کە لە شارەکانی کوردستان، ژنێک لە ترسی دەستدرێژی دەست دەداتە خوکوژی. ڕۆژی هەینی شەشی جۆزەردان هەر ئەم ڕووداوە بەشێوەیەکی تر بۆ “سۆما”ش ڕووی دا. سۆما ٣٤ ساڵی بوو و خەڵکی مەریوان بوو. تەرمی سۆما لە ڕێگای کامیاران دۆزرایەوە. دوای دەستبەسەرکرانی تاوانباران مەعلووم بوو کە ئەوان سۆمایان لەژێرناوی موسافیرکەشیدا لە مەیدانی “گێریزە”ی سنەوە سواری ماشێن کردووە، بەڵام لەجیات گەیاندنی بۆ شوێنی مەبەست، بۆ بێڕاهەیان بردووە. سۆما کە موتەوەجیهی ئەوە دەبێت، دوای هەوڵی زۆر بۆ دەربازبوون، خۆی لە ئۆتۆمبێلەکە دەخاتە خوارەوە. کەمتر لە سێ ساڵ لەمەوبەریش، “نەسرین زەمانی” بیست و نۆ ساڵە و دانیشتووی شاری سنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. دوو ڕۆژ بەر لەویش دوو خوشک بەناوەکانی شایستە ئەمینیی سی و چوار ساڵ دایکی دوو منداڵ و ئەسرا ئەمینی بیست و دوو ساڵ، لە شارەکی نایسەری سنە بەدەستی باوک و براکەیان کوژران. زارا نەویدپوور دوو ساڵ لەمەوبەر دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە نوێنەری مەجلیس دەستدرێژیی کردووەتە سەر، لەژێر فشاردا بەناچار دەستی دایە خۆکوژی. بەر لەویش ڕەیحانە جەباری بەتاوانی کوشتنی کەسێکی ئیتلاعاتی کە دەستدرێژیی کردبووە سەری، ئێعدام کرا. یەک ساڵ لەمەوبەر هەواڵی دەستدرێژیی ئاغازادەکان بۆسەر چل و یەک کچ و ژن لە شاری ئێرانشار لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە. هەربۆیە مەرگی دڵتەزێنی “شلێر” تراژێدییەکی تایبەت و دەگمەن نییە. هەمووی ئەمانە، تەنیا بەشێکی زۆر چکۆلە لەو جەنایەتانەن کە بە پشت بەستن بە مەزهەب و سوننەتی کۆنەپەرستانە و پیاوسالارانە لەئارادان.
ئەگەر ژن کاڵایە و لە یاساکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نیوەی پیاو بەحیساب دێت، کەوابوو کۆمەڵگەی بورژوایی و پیاوسالار بە مافی خۆی دەزانێت ئەوجۆرەی کە خۆی دەیهەوێ لەگەڵ ئەم کاڵایە و لەگەڵ ئەم جنسەی نیوەی پیاو هەڵسووکەوت بکات. کاڵاکانی تر بە وێنەی ئەوەوە دەڕازێنێتەوە و وێنەکەی لە دار و دیوار دەدات. لە بازاڕی پڕسوودی لەشفرۆشیدا هەڕاجی دەکات. لە چارشێو و مەقنەعەی دەپێچێت تا لە چاوی کەسانی تر مەحفووزی بکات. لە چوارچێوەی ماڵدا زیندانیی دەکات و ئەگەریش لەو نێوەدا ژنێک موقاومەت و خۆڕاگری لەخۆی نیشان بدات دەکوژرێت و یان لەژێر گوشاردا بەناچار خۆی دەکوژێت. بێگومان هەمووی ئەمانە نیشانەکانی وێرانبوونی کۆمەڵگان. لەوەها کۆمەڵگایەکدا ئەگەر ژن نەیهەوێ باری قورس و بێ مزدی کاری ناوماڵ وەئەستۆگرێ، توانای بەرهەمهێنانی هێزی کاری نوێی بۆ سەرمایەدار نەبێت و ئەزیەت و ئازاری شووەکەی تەحەمول نەکات و ماڵێ جێ بهێڵێت، ئەوکات یان دەبێ نیگای تێکەڵ بە سووکایەتیی کەسوکار و دراوسێ و دانیشتووانی گەڕەک و شار قەبووڵ بکات و یان لە ڕووی بێهیواییەوە پەنا بۆ خۆکوژی بەرێت. هێندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شلێر وەک ژنێک وەسف دەکەن کە “بەقیمەتی مەرگ پاکداوێنیی خۆی پاراستووە” و هەربۆیە ناسناوی بەناو قارەمانیان پێ داوە. ئەم ڕوانینە نامووس پەرستانەیە هەڵگری پەیامێکی یەکجار کۆنەپەرستانەیە بۆ ژنان. پەیامەکەش ئەوەیە: ژن دەبێ ببێتە قوربانی بۆ ئەوەی نامووسی کۆمەڵگە لەدەست نەچێت. هەربۆیە لەم پێوەندەدا گوڵاڵە وەتەن دووست پارێزەری مەریوانی دەڵێت: “شلێر کۆمەڵگە و یاساکانی دەناسی کە خۆی کوشت. دەیزانی کە ئەگەر دەستدرێژیی بکرێتە سەر، چ پرۆسەیەکی دژوار بۆ سەلماندنی دەبێ تێپەڕێنێت. ئەو دەیزانی دوای دەستدرێژی، بەرەوڕووی چ قەزاوەتهایەک دەبێتەوە، بۆیە مردنی هەڵبژارد”.
ئایا ئەگەر شلێر خۆی لە پەنجەرەوە نەخستبا خوارەوە و دەستدرێژیی کرابایە سەر، کۆمەڵگەی پیاومەزن دیسان بە چاوی قارەمان چاوی لێ دەکرد. ئایا دیسان کەسانێک پەیدا نەدەبوون کە بیانهەوێ ئەم لکەی نەنگە بستڕنەوە. ئایا بەڕاستی کۆمەڵگە دەرفەتی بە شلێر دەدا دیفاع لە خۆی بکات و ئیجازەی ئەوەی پێ دەدا ڕۆڵەکانی بگرێتەوە باوەش.
پیاوسالاری و دەستدرێژی بۆسەر مافی ئینسانیی ژنان بە هەموو نەهامەتییەکانییەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە پێویستە بەستێنی بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بەپێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی ڕێکخراو و لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی، هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤە ئازاد و یەکسانی خوازەکان بێنە مەیدان. نابێ ڕێگە بدرێت کە قەتڵی شلێر ڕەسووڵی بابەتێکی شەخسی و کلتووری پێناسە بکرێت و تاوانباری ئەم ڕووداوە لە بەدواداچوون و سزا لە ئەماندا بێت.
بەڵام ئەگەر دەست بۆ ڕیشە ببەین، کۆماری ئیسلامی و ئەو نیزامە چینایەتییەی کە پشتیوانیی لێ دەکات هۆکاری سەرەکیی ئەم جەنایەتەیە. کەوابوو خەبات لەپێناو نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان و هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتایدی جنسییەتی بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەباتی دژی سەرمایەداری و خەبات دژبە دەوڵەتی مەزهەبی. لەم ڕوانگەوەیە کە لەناوبردنی بەستێنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژی دژبە ژنان لە ڕێگەی هێرشی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕێژیمی سەرمایەداریی مەزهەبیی زاڵ لە ئێران و لە مەسیری خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە تێپەڕدەبێت.