ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەمساڵ لە سەروبەندی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری، شانۆی کۆنەپەرستانەی ڕێپێوانی ئەربەعینی بە هەوڵ و هەزینەیەکی زۆرەوە وەڕێخستووە. تا بە خەیاڵی خۆی بتوانێ هەم سەرەنجی جەماوەری خەڵک لە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی نابەسامان بەلاڕێدابەرێت و هەم نیشانی بدات کە خاوەنی پێگەی جەماوەری و “ئیقتدار”ە. بەڵام سەرەڕای هەوڵی زۆری دەزگا ئەمنییەکان و تەبلیغاتی “ستادی ئەربەعین” و ئیمامانی جومعە و تەرخانکردنی بوودجە و مەزایا و ئیمکاناتی یەکجار زیاتر لەچاو ساڵانی پێشوو، ژمارەی زائیرانی فریوخواردوو بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە. ئەم بابەتە نیشانەی ئاگاداربوونی ئەوانە لەئاست ئامانجی فریوکارانەی ڕژیمی ئیسلامی و کەڵک وەرگرتنی لەم نمایشە سیاسی و مەزهەبییە کۆنەپەرستانەیە. زۆر ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو باس لە هەڵگەڕانەوەی ئەو کەسانە دەکەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا ناوشیارانە بەشداری ئەم شانۆیەی ڕژیمیان کردووە. ڕژیم بە ئاگاداربوونی لەم بابەتە هەموو ئیمکاناتی ماڵی و دامودەزگا ئیداری و ئەمنیەتییەکانی وەکار خستووە تا بەڵکوو بتوانێ خەڵک بۆ بەشداری لەم شانۆ کۆنەپەرستانەیە هان بدات. تەنانەت کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ بەم بابەتە تەخانکرا و تەسویبیان کرد کە وامی ئەربەعین قەرزلولحەسەنە بەحیساب بێنن. وینەکانی ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو نیشانی دەدات کە ژمارەی بەشداربووانی ئەمساڵی ئەم نمایشەی ڕژیم، سێ بەرابەر کەم بووەتەوە. کۆبوونەوەی سەدان شۆفیری مینیبووسی کوردستانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی مانگی گەلاوێژ لە سنووری “پێنجوێن – مەریوان” لە ناڕەزایەتی بە چاوەڕوان ڕاگرتنی بێهوودەیان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بۆ بردنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ کەربەلا، نیشانەیەکی تری کەمبوونەوەی بەرچاوی زائیران و شکستی شانۆی “ئیقتدار”ی حکوومەتی ئیسلامییە. ئەم بابەتە ئاکامی ئاشکرابوونی زیاتری ماهیەتی فریوکارانەی دەسەڵاتی ئیسلامی و فاسلە گرتنیان لە ڕژیمە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نائاگا لەژێرناوی “ڕێپێوانی ملیۆنیی ئەربەعین” ڕەوانەی کەربەلا بکات و ئەمە وەک بەڵگەی مەشرووعیەتی نیزامی ئیسلامی لەپێناو درێژەدان بە دەسەڵاتی جەنایەتکارانەی بەکار بێنێت. لەم پێوەندەدا یەکێک لە بەشداربووانی ساڵانەی نمایشی ئەربەعین، ئەمساڵ ڕوو بە خامنەیی ڕایگەیاند: ”ئەی ڕێبەری خودخاندە، دوای ئینقلابی مەهسا، لە مانای عەشق و خۆشەویستیی تۆ گەیشتم، من ڕێپێوانی ئەربەعینی تۆم بایکۆت کرد تا ئاگری دەسەڵاتی منداڵکوژ نەگەشێنمەوە”.
ڕژیمی ئیسلامی هەزینەی بەرینی دامودەزگا جۆراوجۆرەکان لەوانە ستادی ناوەندیی ئەربەعین، ستادی ئەربەعینی ئۆستانەکان، ستادی ئەربەعینی شارەدارییەکان، بەخشدارییەکان، ناوەندە مەزهەبییەکان و هەزاران ئاخوند و مەداح و شەیپوورچیی مفتەخۆر، لە سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەدات. حسێن بەهرامنیا ئۆستانداری ئیلام، کە ئۆستانێکی یەکجار مەحرووم و هەژار و بێ ئیمکاناتە، دانی بەوە دانا کە ئۆستانی ئیلام ساڵی ڕابردوو ١٥٢ ملیارد تمەنی بوودجە بۆ ئەربەعین تەرخان کردووە. هەواڵنێریی تەسنیم ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە ٤٠ ملیارد تمەن لە بوودجەی تایبەتی شۆرای شار دراوە بە ستادی ئەربەعینی تاران. وەزارەتی تەعاون و کار و ڕەفاهی دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ ڕایگەیاند کە بە هەر کام لە پێرسۆنێلی ئەم وەزارەتە و سازمانەکانی کە بۆ ڕۆیشتن بۆ کەربەلا ناونووسییان کردووە، سێ ڕۆژ مەرەخەسیی تەشویقی و پێنج ملیۆن تمەن کۆمەک هەزینە و یەک ملیۆن تمەن بە هەر کام لە ئەندامانی بنەڵەکەیان دەدات. بەپێی بەراوردیی کارناسان تەنانەت ئەگەر ٢٠ لەسەدی کارمەندانی ئەم وەزارەتخانەیە لەژێرناوی سەفەری تەفریحیشدا ناونووسی بکەن، هەزینەکەیان دەبێتە ٨٥٠ ملیارد تمەن.
بەفیڕۆدانی هەزاران ملیارد تمەن لە بەرهەمی ڕەنجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ کڕینی سەدان توالێتی سەحرایی یەک ملیارد تمەنی بۆ مەسیری ڕێپێوان، دابینکردنی خۆراک و شوێنی خەو، ئیمکاناتی بەرین و خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمان لەحاڵێکدایە کە زۆر نەخۆش لە ئێران بەخاتری نەبوونی پێداویستیی دەرمانی گیانیان لەدەست دەدەن. هەزینەی بەرینی چوون و گەڕانەوەی سەدان هەزار و (بەپێی ئاماری درۆیینی ڕژیم سێ ملیۆن) کەس لە فریوخواردووانی ڕێپێوانەکە و مەراسیمی خورافیی ئەربەعینی کوژرانی کەسێک کە ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە شەڕی داگیرکردنی وڵاتێکی دیکەدا کوژراوە، لەحاڵێکدایە کە ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بە بنەماڵەی زیاتر لە ٥٠٠ ئینسانی تێکۆشەر کە ساڵی ڕابردوو بەدەستی بەکرێگیراوانی ئەم حکوومەتە کوژراون، ئیجازەی بەڕێوەبردنی مەراسمی یادی ئازیزانیان نادات. داسەپاندنی ئەم هەزینە قورسە بەسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ مەراسمی خورافی و کۆنەپەرستانەی ئەربەعینی کەربەلا لەحاڵێکدایە کە خەڵکی زیاتری ئۆستانەکانی ئێران لە ئاوی خواردنەوەی خاوێن بێبەرین، ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ملیۆنان منداڵی کار و شەقام لە ئێران لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە دژەئینسانەدا شەو بە زگی برسی دەخەون و لەماوەی ڕۆژدا لەناو سەتڵەکانی زبڵدا بەشوێن خۆراکەوەن. هەژاری و بێکاری، تەوەروم و گرانی، هێڵی هەژاریی گەیاندووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن. توانای کڕینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش یەکجار هاتووەتە خوارێ و حەسرەتی دابینکردنی خواردنێکی گەرم بۆ جگەرگۆشەکانیان زۆرێک لە دایک و باوکەکان ئازار دەدات. خانەنشینان لە قۆناغی بەساڵاچوویی و پیریدا مەجبوورن لە هەوای داغی هاویندا هەموو هەفتەیەک لەسەر شەقامەکان مافەکانیان هاوار بکەن.
واقعیەت ئەوەیە کە حکوومەتی ئیسلامی بە وڕێخستنی وەها مەراسمێکی فریوکارانەی مەزهەبی و دژەئینسانی دەیهەوێ کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە و بێبەش لە هەژاری، ناوشیاری، دەرماندەیی، ماتەمین و گریان و تەسلیمدا ڕابگرێت. تا ئیعتڕاز بە وەزعی مەوجوود لەسەر بەرنە دەرێ و سەران و سەرمایەدارانی دەسەڵاتی ئیسلامی، بە خەیاڵی ئاسوودە لەڕێگەی تاڵانکردنی بەرهەمی کار و زەحمەتیان درێژەی بە ژیانی شاهانەیان بدەن. بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئامانجی نگریس و دژەئینسانییان زیاتر بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێت. بێگومان تەمەنی ئەم دەسەڵاتە ئنسانکوژ و دژەژن و دژەکرێکارە کۆتایی هاتووە. کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان وەک بەشێک لەم چینە کۆمەڵایەتییە، ژنان، خوێندکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا سەرەڕای سەرکوت و زیندان و کوشتاری وەحشیانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە، لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، ئیعتڕاز و خەباتی خۆیان تا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی درێژە دەدەن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە