لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا پڕۆژەیەکی پڕهەزینە و شەڕەنگێزانەی دیکەی ڕژیمی ئیسلامی واتە تەرحی بەڕۆژکردنەوەی “حیجاب و عیفاف” دژبە ژنان، بەرەوڕووی شکست بووەوە. بەدوای کرانەوەی مەدرەسەکان لە دوای تەعتیلاتی نەورۆز مەقاماتی ڕژیمی ئیسلامی لە خامنەییەوە بگرە تا قالیباف و ڕەئیسی و وەزیرانی کابینە و باقیی کارگێڕانی دەزگا ئەمنیەکان و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم هەوڵیان دا وەجموجۆڵ کەوتن تا بەڵکوو بتوانن بۆ جارێکی تر ژنانی ئازادیخواز بخەنە ژێر لەچکە و مەقنەعە، واته هێمایەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی ئیسلامی. عەلی خامنەیی جەنایەتکار ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوە بە کۆکردنەوەی سەرانی سێ دەزگای ڕژیم و مودیران و مەسئولانی دامودەزگای دواکەوتوویی و سەرکوت، نوێنەرانی مەجلیس، فەرماندەکانی سپا و باقیی مۆرەکانی حکوومەت، نیگەرانی و ناکامی خۆی لەئاست شکستی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی هەتا ئێستای ڕژیم ئەمجارەیان وێڕای ڕاگەیاندنی فتوای شەرعی نیشان دا. ئەو بە تەئکیدی زۆرەوە وتی: “لابردنی حیجاب، حەرامی شەرعی و حەرامی سیاسییە” و وەک هەمیشە بە دەزگاکانی بێگانە و دوژمن نیسبەتی دا. وتەبێژی ستادی ئەمری بە مەعڕوف و نەهی لە مۆنکەری ڕژیمیش ترس و وەحشەتی خۆی لەئاست موقاومەت و خەباتی ژنان بەرانبەر بە قەبووڵکردنی حجابی داسەپاو نیشان دا و ڕایگەیاند: “بە ژێرپێخستنی یاسای ئیلاهیی حیجاب، باقیی یاساکانی ئیسلامیش هێرشیان دەکرێتە سەر”.
عەلی خامنەیی لە مانگی بەفرانباری ڕابردوودا بەئامانجی سەرکوتی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز، ئەحمەدڕەزا ڕادان یەکێک لە جەنایەتکارترین فەرماندەکانی سپای پاسداران کە سابقەی کوشتار و شەرارەتی زۆرە، وەک فەرماندەی گشتی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی دیاریکرد. تا پڕۆژەی کۆنەپەرستانەی “حیجاب و عیفاف” بۆ بەرەنگاربوونەوە و سەرکوتی ژنان بەڕێوەبەرێ. ڕادان ١٩ی خاکەلێوە هۆشداری دا کە لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی خاکەلێوەوە بەشێوەی جیددی و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامراز و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو، دوربینی مەداربەستە و دەزگای کۆنتڕۆڵی هۆشمەندی پێشکەوتوو، پێشێلکارانی یاسای حیجاب شناسایی دەکات و سزایان دەدات. باقی ناوەند و مۆرەکانی ڕژیمیش هەر کامەو لە حەوزەی خۆیاندا بۆ داسەپاندنی حیجاب تاکتیکی جۆراوجۆریان بەکارهێنا. ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوە سەرپاسدار ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند کە بە ناوەندەکانی حکوومەت دەستوور دراوە کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی بە کەسانی بێ حیجاب و بەدحیجاب خۆ ببوێرن. وەزارەتی بەناو “علوم و تەحقیقات و فەناوەری”یش لەم ڕاستایەدا لە ڕێگەی ئیتلاعیەکەوە ڕایگەیاند کە هەموو زانکۆ و ناوەندەکانی پەروەردەی باڵا، ئەو خوێندکارانەی کە حیجاب ڕەعایەت ناکەن لە خزمەتگوزاری فێرکاری و ڕەفاهی بێبەری دەکەن. وەزارەتی ئاموزش و پەروەرشیش ڕۆژی ١٤ی خاکەلێوە لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕایگەیاند کە بەپێی یاسا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری فێرکاری بە خوێندکارانێک کە پۆششی ئیسلامی لە مەدرەسەکان ڕەچاو ناکەن، خۆدەبوێرێت.
بەڵام حکوومەتی ئیسلامی بەباشی دەزانێت کە ئەم بێبەشکردن و هۆشدارانە ناتوانێ خوێندکاران مەجبوور بە قەبووڵکردنی پۆششی ئیسلامی بکات. هەر بەم دەلیلە بەدوای کرانەوەی مەدرەسە و زانکۆکان و بەتایبەت دوای شکستی تەرحی بەڕۆژکراوی “حیجاب و عیفاف”، بۆ جارێکی تر بەکرێگیراوانیان لە گیانی خوێندکاران بەرداوە و شەپۆلێکی تر لە هێرشی شیمیاییان بۆسەر مەدرەسەکان دەسپێکردووەتەوە. هەمان ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی خاکەلێوە خەڵکی ناڕازی لە شاهین شاری ئیسفەهان بە ئاگاداربوون لەوەیکە هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکان خودی حکوومەت سازمانی دەدات، لە بەرانبەر ئیدارەی ئاموزش و پەروەرش بە وتنەوەی دروشمی “حکوومەتی منداڵکوژمان ناوێ” کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە مەسموومکردنی خوێندکاران لە شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان، دیواندەرە، ورمێ، تەورێز، کەرەج، دێزفول، ماهدەشتی کەرەج و گیلانغەرب دووپات کرایەوە. ئیقداماتی ئاتەش بە ئیختیارانی خامنەیی، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوە زیاتر پەرەی سەند. لەم ڕۆژەدا هێرش کرایە سەر سی مەدرەسە لەوانە پنج مەدرەسە لە کرماشان، چوار مەدرەسە لە تاران و لە هەر کام لە شارەکانی سەقز، ئیسلامشەهر و کەرەج دوو مەدرەسە و لە ورمێ و ئەردەبیل و ئەهوازیش چەند مەدرەسەیەک کرانە ئامانجی هێرشی شیمیایی ڕژیم. بۆ پاساوکردنی ئەم کردەوە وەحشیانەیەی حکوومەتی ئیسلامی، ڕۆژی سێشەممە پاسدار قالیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەپێوەند لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ژنان وتی: “ناڕازیان هەموو باوەڕێکی دینی، ئەخلاقی، سوننەت و عورفیی کۆمەڵگا لەوانە قورئان، مزگەوت و پێناسەی ئیسلامییان ژێر پێ ناوە”.
بەڵام ژنانی ئازادیخواز، جەسوور و خەباتکار بەبێ بایەخدان بە فتوا و هەڵیت و پڵیتی ڕێبەران و کردەوەی سەرکوتگەرانەی ناوەند و مۆرەکانی ڕژیم، لە یەکەمین ڕۆژی بەڕێوەبردنی تەرحی دژەژن و تێکەڵ بە سووکایەتیی “حیجاب و عیفاف” ئازادانە و بێ حیجاب و ڕووسەری لەئاستی شارەکاندا هاتنە سەر شەقام و یاسای کۆنەپەرستانە و پڕتووکاو و دژەژنی ڕژیمیان خستە ژێر پێ و بردیانە ژێر پرسیارەوە. لە ڕۆژانی دواتردا و هەتا ئێستاش ژنانی ئازادە بە هەمان شێوە لە مافی ئینسانی و دەستکەوتەکانی هەتا ئێستای خۆیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی “ژینا” دیفاعیان کردووە. بەمجۆرە پڕۆژەی کۆنەپەرستانە و پڕ هەزینەی حکوومەت لەلایەن ژنانی خەباتکارەوە شکستی خوارد. پڕۆژەی کۆنەپەرستانەی دژایەتی لەگەڵ موی ژنان لە بارودۆخێکدا بووەتە ئەولەویەتی کۆماری ئیسلامی کە ڕژیم لەگەڵ قەیرانی قووڵ و هەمەلایەنە بەرەوڕووە و لە دابینکردنی پیشە و کار و ئیحتیاجاتی سەرەتایی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، عاجز و داماوە.
گشت ئەم جەنایاتە دژبە ژنان لە ژووری فیکری حاکمانی ڕژیمی ئیسلامیدا بەرنامەڕێژیان بۆ دەکرێت و بەڕێوەدەچن. بەڵام ژنان لەم نەبەردە ڕەوا و شۆڕشگێڕانەیەدا دژبە دامودەزگاکانی تەحمیق و سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی نابێ بەتەنیا بمێننەوە. پێویستە کرێکاران و باقیی توێژەکانی خەڵکی شەریف و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە خوێندکاران و لە دایک و باوکەکان پشتیوانی بکەن. حاکمان و کارگێڕانی ورد و درشتی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بەم کردەوە بێشەرمانە و دژەئینسانییانە دەیانهەوێ فەزای کۆمەڵگا نائەمن بکەن و خەڵکی پێوە مەشغوڵ بکەن. ئەوەیکە لەم پێوەندەدا حاکمان و کاڕگێڕانی ڕژیمی نیگەران کردووە نەک بێ بایەخبوونی باوەڕە دینییەکانیان بەڵکوو ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەیانە کە لەم ڕێگەوە زیاتر لە چل ساڵە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی تاڵان دەکەن. ئەوان بۆ درێژەی دەسەڵات و بەردەوامبوونیان لەم تاڵانکارییە هیچ باکێکیان نییە لەوەیکە هەموو ڕۆژێ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران بەرەوڕووی پیلانگێڕی و بەرنامەی جەنایەتکارانە بکەنەوە. بەڵام لە هەمان حاڵدا دڵنیاشن لەوەیکە بەم زووانە لەگەڵ تۆفانی ئیعتڕاز و تۆڕەیی خەڵک بەرەوڕوو دەبنەوە. تۆفانێک کە بەڕێوەیە و بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، ئەم دەسەڵاتە بۆ هەمیشە دەخاتە زبڵدانی مێژووەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە