
بڵاوبوونەوەی وێنەی سەردانی عەلیرەزا فیرووزفەر سەرۆکی شارەوانی زەنجان بۆ مەدرەسەیەکی قورئانی بە ناوی ئیمام حەسەن موجتەبا، کاردانەوەی بیروڕای گشتیی لێکەوتووەتەوە. لەم وێنەیەدا بەرپرسانی مەدرەسەکە کچەکانیان ناچار کردووە لەبەردەم سەرۆکی شارەوانیدا تەعزیم بکەن و تا کەمەر بنووشتێنەوە. دەڵێی ئەم کچانە خزمەتکاری ئەون و دەبێ لەبەردەم ئاغا و ئەربابی خۆیاندا کڕنووش ببەن و بە گوڵباران پێشوازیی لێبکەن.
ڕەنگە لە یەکەم نیگادا ئەم وێنەیە، وەک نمایشێک لە چاپلووسی مودیرێکی ژن لەبەردەم سەرۆکێکی پیاو کە پلەی سەرترە، سەیر بکرێت. هەرچەند لەم سیستمە گەندەڵەدا زمانلووسی و پێهەوڵکوتن و ڕانت، ڕێگایەکە بۆ بەرزکردنەوەی پلە و پایە و مودیرانی پیاویش هەن کە پۆست و مەقامیان بە ڕانت و تەمەلوق بەدەستهێناوە. بەڵام ئەم وێنەیە شتی تریش نیشان دەدات.
ئەم وێنەیە هێمای پیاوسالاری و سەرکوتگەریی نیزامی پەروەردە و گوتاری ئینزباتی لە خوێندنگاکانە. ئەم وێنەیە بەڕوونی ئامانجی پەروەردەی ئایدیۆلۆژی نیشان دەدات، پەروەردەیەک کە ئامانجی سەرەکی یەکدەستکردن و ملکەچکردنی منداڵان و کۆنترۆڵکردنی جەستەی کچانە. ئەم وێنەیە هێمایەکە لە پادگانی بوونی مەدرەسەکان. هەر ئەو بابەتەی کە چالاکانی سینفی و شۆرای هاوئاهەنگی ساڵەهایە لەدژی خەبات دەکات و ئەمڕۆ مەدرەسە مەزهەبی و قورئانییەکان و ئەو مەدرەسانەی لەژێر ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتدا بەتوندی کۆنتڕۆڵ دەکرێن، باشترین جێگەیە کە دەسەڵات دەتوانێ ئەم ئایدیۆلۆژییە سەقامگیر بکات و بۆ مەدرەسەکانی دیکە ئۆلگووسازی بکات.
کاربەدەستانی بواری پەروەردە ئەگەر توانیبایان ئەم وێنەیان لە قالبی بەخشنامەدا بۆ مەدرەسەکان دەنارد تا نیشانی بدەن کاتێک باس لە “نزیک بوونەوە لە لووتکە” دەکەن و یان کاتێک وەزیری پەروەردە باس لە “ئۆلگوو بوون” دەکات، مەبەستیان چییە. بەڵام ئەوان ناتوانن ئەمجۆرە بەرنامانە بەڕێوەبەرن چونکە باش دەزانن کچانی ئێران بە موقاومەتی ڕۆژانەیان لە خوێندنگاکانەوە تا شەقامەکان، شکستیان بە ئایدیۆلۆژیی دەسەڵات هێناوە.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی سووئیستفادە لە منداڵان، داوا لە موعەلیمان و دایک و باوکانی هوشیار دەکات کە لە بەرامبەر ئەم حەرەکەتانەدا بوەستن و ئەنجامدەرانی ڕیسوا بکەن. بە مودیران و کەسانێک کە بوونەتە عەواملی سەرکوت لە مەدرەسەکان هۆشدار دەدەین کە ئەگەر لەم کارە دەستهەڵگرن وەک کەسایەتیی سەرکەوتگەر دەیانناسێنین. وە ڕوو بە کاربەدەستانی سیستەمی پەروەردە دەڵێین کە ئایدیۆلۆژی و گوتاری عەقیدەتیی ئێوە لە خوێندنگاکان شکستی هێناوە. ئەم وێنەیە هێمای کچانی ئێران نییە. هێما و سەمبۆلی کچان و خوێندکارانی ئەم وڵاتە نیکا، سارینا و ئارمیتا و ئەو کەسانەن کە بەخاتری کرنووش نەبردن لە بەرامبەر نیزامی ناعادڵانە و سەرکوتگەری ئێوە گیانیان فیدای ئارمانی ئازادی و بەرابەری کرد. خۆتان باش دەزانن کە ئەوان مۆتەکەی ئێوەن. کەوابوو چاوەڕوانی ڕاپەڕینی خوێندکاران و کچان لەو مەدرەسانە بن کە تێیاندا وەها شانۆیەکی گاڵتەجاڕانەتان خسووتەتە. ئەمە دەستپێکی پڕۆسەی نەمانی ئێوەیە لە خوێندنگا ئایینی و تایبەتەکان. مێژوو شایەدیی ئەوە دەدات.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان