“ساڵح میرهاشمی”، “مەجید کازمی” و “سەعید یەعقوبی”یان بەیانیی ئەمڕۆ کوشت. ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی لەماوەی ١٩ ڕۆژی ڕابردوودا ٩٣ کەسی ئێعدام کردووە. سەرانی حکوومەت دەزانن کە ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی ڕژیم پڕتواناتر دەستپێدەکاتەوە و دەشزانن کە بە کوشتن ناتوانن حەرەکەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران ڕابگرن. خەڵکی ئێران کە ئیرادەیان کردووە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، لە دەسەڵاتی ئەشکەنجە و مەرگ ناترسێن. هەر ئێعدامێک بەرەوڕووی شەپۆلێکی بێوێنە لە ئیعتڕازی خەڵکی ئێران لە ناوەوە و دەروەی وڵات دەبێتەوە و نەفرەت لە ڕژیم زیاتر پەرەدەستێنێت. بێگومان کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت و هەموو ئەوانەی وا لە تاوان دژبە خەڵک دەستیان بووە موحاکمە دەکرێن و سزا دەدرێن.
ئینسانکوژان و ئەشکەنجەدران بە هەڵە لایان وایە کە دوای کۆماری ئیسلامی، نیزامی سەڵتەنەتی دێتەوە سەر کار و پێویستی بەم خوێنڕێژانەیە و لە موحاکمە و سزا دەرباز دەبن. ئۆلگوی خزمەتی ساواک بە نیزامی ئیسلامی دووپات نابێتەوە. بەڵێنی کوشتاری نەیارانی سەڵتەنەت لەلایەن یاسەمەن پەهلەوی تەنیا خەیاڵێکی خاوی جەنایەتکارانەیە و هیچی تر. جەماوەری سەرکەوتوو سزای مەرگ هەڵدەوەشێننەوە. زیندانیی سیاسییان نابێت. بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و خانەنشینان کە گەلێک جار دژایەتیی خۆیان دژبە سزای ئێعدام ڕاگەیاندووە، ئەم بابەتە زەمانەت دەکەن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای دەربڕینی بێزاریی قووڵی خۆی لەئاست قەتڵی دەوڵەتی و ڕاگەیاندنی هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقوبی و هەموو بنەماڵە داغدارەکان، لەسەر ئەم واقعیەتە تەئکید دەکات کە هەتا کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت قەتڵ و ئێعدام و کوشتاریش درێژەی دەبێت. تەنها ڕێگای نەمانی سێدارە، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتەیە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٢٩ی گوڵانی ١٤٠٢
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت