فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: هێرش بۆسەر موجاهدین لە ئاڵبانی بەتوندی مەحکووم دەکەین!
شەممە ۰۳-۰۴-۱۴۰۲   |  24-06-2023
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: هێرش بۆسەر موجاهدین لە ئاڵبانی بەتوندی مەحکووم دەکەین!

بەپێی ڕاپۆرت و هەواڵەکان ڕۆژی ٢٠ی ژوئەن، یەک ڕۆژ دوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کۆبوونەوەی ساڵانەی موجاهدینی خەلق لە فەڕانسە، کەمپی ئەم ڕێکخراوە لە ئاڵبانی، کە سەدان ئەندام و لایەنگری ئەم ڕێکخراوەی تێیدا جێگیرن، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاڵبانییەوە هێرشی کرایە سەر و لەم هێرشەدا کەسێک کوژرا و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون.

هێرشی جەنایەتکارانەی پۆلیس بۆسەر کەمپی موجاهدین لە ئاڵبانی لە بارودۆخێکدایە کە شایەدی ئاڵوگۆڕی تازەین لە پەیوەندی دەوڵەتانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا لەگەڵ ئێران. گەڕاندنەوەی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆمات تیرۆریستی جمهوری ئیسلامی، کۆبوونەوەی پشتی پەردە بۆ گەڕاندنەوەی حەمید نوری کە لە دادگای سوێددا بە تاوانی بەشداریکردن لە قەتڵوعامی زیندانیانی سیاسی بە بیست ساڵ زیندان مەحکووم کرا، ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی ڕژیم و هیتر، نیشانەی گۆڕینی سیاسەتی دەوڵەتانی ڕۆژائا لەئاست کۆماری ئیسلامییە و بێگومان هێرش بۆسەر کەمپی موجاهدین و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی گردبوونەوەی ساڵانەیان لە پاریس دەتوانێ مەحدوودیەت و فشاری زیاتری بۆسەر باقیی چالاکانی ئێرانیی لە دەرەوەی وڵات لێبکەوێتەوە. بۆ نموونە ڕێکەوتنی پشتی پەردەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕژیمی سەرکوتگەری ئێران کە ئاخێزی مەزنی ژن، ژیان، ئازادی پایەکانی خستووەتە لەرزە و لە ڕووخانی نزیک کردووەتەوە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە لەگەڵ سیاسەتەکانی سازمانی موجاهدینی خەڵق مەرزبەندییەکی ڕوونی هەیە، هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەم سازمانە لە پاریس و هێرشی پۆلیس بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ئاڵبانی بەتوندی مەحکووم دەکات و بە پێشێلکردنی مافی ئازادی و خەبات دژبە ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیی دەزانێت.

لە هەمان حاڵیشدا بە پێویستی دەزانین کە بۆ چەندمین جار هۆشدار بە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ڕژیم لەوانە موجاهدینی خەلق بدەین کە بەشداریدانی جەنایەتکارێکی وەک جان بۆڵتۆنەکان لە کۆبوونەوەکانیان و شانازی کردن بە پشتیوانی و هاوکاریی ئەوان هیچ ئاکامێکی نییە و هەڵسوکەوت و موعامەلە و ئومێد بەستن بە زلهێزەکان، بێجگەلە شکست و ڕسوایی و بێ ئێعتباربوون لەناو خەڵک هیچ سەمەرێکی نەبووە و ناشیبێت.

ڕزگاریی زۆرینەی خەڵکی ئێران، واتە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ستەم و چەوسانەوە و زۆر و سەرکوتی کەمینەیەکی خاوەن هێز و سەروەت کە بە ئاوێتەکردن دین و دەوڵەت دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، تەنها بەدەستی بەتوانای چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی سەرانسەری ئێران مومکینە. سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و ئازادی و ڕزگاری لە ستەم و هەڵاواردن و نابەرابەری، لە گرەوی یەکگرتن و پەرەپێدانی خەباتی چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی ئێران و هەموو ئەو کەسانەدایە کە قارەمانانە لە کۆڵان و شەقام، لە شوێنی کار و ژیانیان بە گیانفیدایی و بە خۆڕاگریی بێوێنە، حەماسەیان خوڵقاند. نەک هیواداربوون بە زلهێزە دەسەڵاتدارەکان کە لەپێناو بەرژەوەند و قازانجیان گیانی ملیۆنان ئینسان بەلایانەوە گرینگ نییە.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٢

واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت