“تەنها لەسەر شەقامەکان، بەدەست دێنین مافمان” یەکێک لە میحوەریترین دروشمەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینانە کە دەمێکە لەسەر شەقامەکانی زۆرێک لە شارەکانی ئێران دەنگ دەداتەوە. ئەگەر لە دەورەکانی پێشوودا خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لەژێرناوی یەکشەممەکانی ناڕەزایەتی، خواستە ڕەواکانیان لەسەر شەقامەکان هاوار دەکرد، لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا خانەنشینانی موخابرات و خانەنشینانی کیشوەری (فەرهەنگی)یش لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا بە ناڕەزایەتییەکان پەیوەست بوون. درێژە و بەردەوامبوونی ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و هەروەها بەشداریی بەرچاو و ڕوو لە زیادبوونی ژنان، نیشانەی ئیرادەی ماندوویینەناسی ئەوانە بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جارێکی تر خانەنشینان لەپێناو زیادکردنی حقوق بەلەبەرچاوگرتنی گرانیی بەرین و تەهاجومی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی بۆسەر ژیانیان و گەڵاڵەی دەوڵەت بۆ دزیکردنی زیاتر لە سندووقەکانی خانەنشینی و تێکەڵکردنیان بەمەبەستی دابینکردنی کەسری بوودجە، لە شارەکانی وەک کرماشان، شووشتەر، ئەهواز، ئیسفەهان و چەند شاری دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد. وەزیری کار و چەوساندنەوەی کۆماری ئیسلامی وێڕای پاکانەکردن بۆ خۆی و بۆ وەزارەتی چەوساندنەوە، سەبارەت بە دابینکردن و بردنەسەری لانیکەمی حەقدەست لە وڵام بە ناڕەزایەتیی کرێکاران و خانەنشیناندا وتی: “ئەوان پێویستە بە وتووێژکردن لەگەڵ خاوەنکار هەوڵ بدەن حەقدەستەکانیان زیاد بکەن”. ئەم ئیدیعایە لە بارودۆخێکدایە کە لە ئێران مانگرتن و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری قەدەغەیە و زۆرێک لە چالاکانی کرێکاری، مامۆستایان و خانەنشینان بەخاتری هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ لە زینداندان.
خەباتی بوێرانەی خانەنشینان لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە ڕژیمی ئیسلامی لە ترسی پەرەستاندنی خەبات لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، فەزای سیاسیی کۆمەڵگای یەکجار ئەمنیەتی و میلیتاریزە کردووە و هەزاران کەس لە چالاکانی بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خوێندکاران، ژنان، کرێکاران و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی خستووە زیندانەوە. خەباتی خانەنشینان دژبەم بارودۆخە و هەروەها هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێکخراو و تۆڕەکانی سازماندان، لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا بەردەوام درێژەی بووە. لە هەموو شوێنێکی جیهانی سەرمایەداری، زۆرینەی خانەنشینان لەژێر مەجمووعەی چینی کرێکاردان. مووچەی خانەنشینی بەشێک لە حەقدەستەکانی ئەوانە کە پێشتر خراوەتە سندووقەکانی خانەنشینییەوە و ئەم ناوەندە پێویستە لەلایەن خودی کرێکارانەوە بەڕێوەبچێت. هەروەها ئەوان پێویستە بەسەر حیساب و کتابی ئەم سندووقانەدا کۆنتڕۆڵ و چاوەدێرییان هەبێت. دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆیان نییە سندووقەکانی خانەنشینی و دامەزراوە پێوەندیدارەکان بە شیرکەتە خسووسییەکان بسپێرن و پێویستە حقوق و مووچەی خانەنشینان زەمانەت بکەن و سەری وەخت پێیان بدەن.
خەباتی خانەنشینان دژبە خسووسیسازی و دزیی حکوومەت لە سندووقەکانی خانەنشینی و بۆ بردنەسەری حقوق، خەباتێکی کۆمەڵایەتی و لە هەمان حاڵدا خەباتێکی دژەسەرمایەدارییە کە بەستێنی پێشڕەویی بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران و گەشەی خەبات دژبە کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستادا پێکدێنێت. پێویستە لە داخوازی و خەباتی خانەنشینان و لە ناوەند و ڕێکخراوە سەربەخۆ و تۆڕە خۆبەڕێوەبەرەکانیان پشتیوانی بکەین.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣
٢ی خەرمانانی ١٤٠٢
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت