فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان: تاوانی دژەئینسانیی ڕژیمی تورکییە بەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە بەتوندی مەحکووم دەکەین!
دوشەممە ۱۱-۱۰-۱۴۰۲   |  01-01-2024

کرێکاران، زەحمەتکێشان، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە بارودۆخێکدا کە جەنایاتی ڕژیمی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی غەززە کاریگەریی بەرینی لەسەر بیروڕای گشتیی جیهان داناوە، ڕژیمی فاشیستی تورکییە بەئامانجی وێرانکردنی زیاتری ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی سووریە، هێرشی ئاسمانی و زەمینیی بۆسەر ئەم ناوچەیە پەرەپێداوە و لە کردەوەیەکی جەنایەتکارانەدا بە بەکارهێنانی توپخانە و درۆن، ناوەندە خزمەتگوزاری و دەرمانییەکانی لە شار و ناوچەکانی قامیشلوو، کۆبانی، عەفرین و … بۆردومان کردووە. بەرینایی هێرشی تاوانکارانەی ئەرتەشی تورکییە لەئاستێکدا بووە کە زۆرێک لە کارگاکان و ناوەندەکانی دەرمان و بەرهەمهێنانی ئۆکسیژێنی پێویستی دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان و تەنانەت نانەوایی و ماڵی خەڵکی ئاسایی کراوەتە ئامانج. شەوی سێشەممە بەهۆی هێرشی ئەرتەشی داگیرکەر و فاشیستی تورکییە نەخۆشخانەی مانگی سووری کۆبانی وێران بوو. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە هەتا ئێستا لەئاکامی بۆردومانەکانی ئەرتەشی جەنایەتکاری تورکییە هەشت کەس لە خەڵکی ئەم ناوچەیە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠ کەسیش برینداربوون.

لە هەمووان ئاشکرایە کە ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیەی ڕژیمی فاشیستی ئەردۆغان و ئەرتەشی ئەم وڵاتە بۆسەر خەڵکی کوردستانی سووریە لە بارودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەم ناوچەیە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە چەندین ساڵ لەمەوبەرەوە لە جەریانی بەرەنگاربوونەوە دژبە هێزەکانی داعش، لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە حاڵەتێکی هاوپەیمانیدان. ئەرتەشی ئەمریکا بە حزووری جیددی خۆی و بە دروستکردنی چەندین پایەگای جۆراوجۆر لەم ناوچەیە، هیچ جمۆجۆڵێکی نیزامی لە دیدەی شاراوە نییە. کەوابوو بێگومان هێرشی جەنایەتکارانەی ئاسمانی و زەمینیی ئەرتەشی تورکییە بە بێ ئاگاداری و بە بێ ڕەزایەتی ئەرتەشی ئەمریکا نەیدەتوانی ئەنجام بدرێت. لە وەها بارودۆخێکدا ڕشتنی فرمێسکی درۆیین ڕژیمی فاشیستی تورکییە بۆ خەڵکی غەززە لە حاڵێکدا کە خۆی جەنایاتی هاوشێوەی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسرائیل بەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە ئەنجام دەدات، قیزەون و یەکجار دووڕوویانەیە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانی سووریە و مەحکوومکردنی سیاسەتی دەخاڵەتگەرانە و ئیمپریالیستیی ئەمریکا، هێرشی جەنایەتکارانەی ئەرتەشی تورکییە بۆسەر خەڵکی کوردستان بەتوندی مەحکووم دەکات. شۆرا، لە بیروڕای گشتیی پێشکەوتنخوازی ناوچەکە و جیهان چاوەڕوانی ئەوە دەکات دژبە تاوانی شەڕی دەسەڵاتی تورکییە لەم ناوچەیە هەڵوێست بگرن و بەتوندی سەرکونەی بکەن و پشتیوانی خەڵکی ئەم ناوچەیە و دژی هەموو جۆرە داگیرکارییەکی ناوچەیی و جیهانیی دەوڵەتانی سەرمایەداری بن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٣

٧ی بەفرانباری ١٤٠٢