قۆناغی تازەی ئەحکامی فەلەیی ئێعدامی جەوانان و نەیارانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی پێویستە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئازادیخواز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بێتەوە. ڕژیمی سەرکوتگەر و جەنایەتکاری ئیسلامی ٤٤ ساڵە ئەم تاکتیکە دژەئینسانییە بۆ پێکهێنانی ترس و تۆقاندن لەئاستی کۆمەڵگا بەکار دەهێنێ. دەسەڵاتی ئیسلامی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بێجگەلە ڕاگەیاندنی ئەحکامی ئێعدام بۆ بەندکراوان ڕەزا ڕەسایی و موجاهد کوکور، شمشیری کوشتاری لەسەر چوار بەندکراوی سیاسیی کوردستان، مەحموود فەرامەرزی، وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی و موحسین مەزلووم ڕاگرتووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەکی زیاتر لە بێدادگاکانی ئەم ڕژیمە سەرکوتگەرەدا حوکمی هاوشێوە چاوەڕوانیان دەکات.
سەرانی تاوانکاری ڕژیمی ئیسلامی لە حاڵێکدا کە خۆیان و ڕژیمەکەیان لە ئەنواعی قەیراندا گرفتارن هێستاش لەو باوەڕەدان کە بە پەرەپێدانی فەزای ترس و وەحشەت دەتوانن ماشێنی کوشتارەکەیان لە ئاگری تووڕەیی خەڵکی وەگیانهاتوو دەرباز بکەن. بەڵام خۆشیان ئەوە دەزانن کە سیاسەتی کوشتار و زەبروزەنگ چیتر کاریگەر نییە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ کە پایەکانی ڕژیمی سەرکوتگەری خستە لەرزە و بە خەباتی ڕۆژانەی مامۆستایان و خانەنشینان و مانگرتنی شکۆداری چینی کرێکار هەروا درێژەی هەیە، ڕۆڵێکی گرینگی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بوێرانە و بێباکانەی خەڵکی ئازادیخواز بەدژی ماشێنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هەبوو. تا ئاستێک کە ڕیزی سەرکوتگەرانی دەسەڵاتی تووشی ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی و لێکترازان کرد.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە پێویستە لە بەرامبەر قۆناغی نوێی هەڕەشەی جەنایەتکارانەی ڕژیم بوەستین و ڕێگە نەدەین ڕژیمی ئیسلامی بیساتی قەتڵ و کوشتاری خۆی هەروا درێژە بدات. کردەوەی دزێوی ئێعدام کە کۆماری ئیسلامی لەئاستی دنیادا یەکێک لە بەڕێوەبەرانی چالاکیەتی، لەلایەن ملیاردها کەسی جیهانەوە مەحکووم دەکرێت و لەئاکامی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئازادیخواز لە زۆر شوێنی جیهان ئەم سزایە هەڵوەشاوەتەوە. بێگومان هەڵوەشاندنەوەی ئەم کردەوە دزێو و دژەئینسانییە یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات کە بۆ ڕێگریکردن لە ئێعدامی بەندکراوان و حوکمی ئێعدام و بۆ خونساکردنەوەی فەزای هەڕەشە و تۆقاندنی ڕژیم بە هەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێ بێنە مەیدان. بە هاندانی بیروڕای گشتی و ناوەندی مرۆڤدۆست و دژی ئێعدام، بە فشار هێنان بۆ کۆماری ئیسلامی لەپێناو دەربازکردنی بەندکراوانی سیاسی تێبکۆشن. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاوهەنگاو لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی دژبەری ئێعدام لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرپاکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەدژی ئەم ئەحکامە جەنایەتکارانەیەی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٢٢ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی
١٢ی ژانویەی ٢٠٢٤ی زایینی