فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: حوکمی جەنایەتکارانەی ئێعدام بۆ تووماج ساڵحی هونەرمەندی شۆڕشگێڕ پێویستە مەحکووم بکەین!
یەکشەممە ۰۹-۰۲-۱۴۰۳   |  28-04-2024

ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری تووماج ساڵحی، چوارشەممە پێنجی مانگی گوڵان ڕایگەیاند کە تووماج لە لایەن لقی یەکی دادگای “ئینقلاب”ی ئیسفەهان بەتۆمەتی بێبنەمای ” فساد فی الارض” لە پەیوەند لەگەڵ پەروەندەیەک کە لە ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ بۆیان دروستکردووە، بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەم حوکمە تاوانکارانەیەی ڕژیمی فاشیستی ئیسلامی لە کاتێکدا دەرکراوە کە ساڵی ڕابردوو دوای دەستگیرکردنی سەرەتایی و چەندین مانگ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، ڕژیمی ئیسلامی ناچاربوو تووماج ئازاد بکات. بەڵام دوای ئازادکرانی کاتی بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی بەسەرهاتی زیندان، دوای دوازدە ڕۆژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دووبارە دەستبەسەرکرایەوە. خوێنڕێژانی دەزگای سەرکوتی ڕژیم بۆ تێکشکاندنی ورە و خۆڕاگریی تووماج، چەندین مانگ خستیانە ژێر ئەشکەنجە و فشاری چەند بەرابەرەوە. بەڵام کاتێک بەرەوڕووی بێباکی و خۆڕاگریی تووماج بوونەوە، کە بێگومان لە باوەڕی قووڵی بە خەبات و پشتیوانی لە ئینسانی وەگیانهاتووی ژێردەستی حکوومەتی فاشیستی سەرچاوە دەگرێت، بێدادگای ڕژیم بە ئێعدام مەحکوومی کرد.

ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە لە بارودۆخێکدا بۆ تووماج دەرکراوە کە ڕژیم لە سایەی قەیرانی نێونەتەوەیی و بەتایبەت ناوچەیی کە خۆی ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە خوڵقاندنیاندا، ڕووی کردووەتە سەرکوتی زیاتر لە ناوەوەی وڵات. دەستی داوەتە هێرش بۆسەر ئەو بزووتنەوە ناوخۆییانەی کە زیاتر لە هەموو کاتێک ڕژیمیان گەمارۆ داوە. بزووتنەوەکانی وەک بزووتنەوەی سەرتاسەری و بێوێنەی ژنان کە حازر نین هەنگاوێک لە داخوازییە ڕەواکانیان پاشەکشە بکەن، بزووتنەوەی کرێکاران، خانەنشینان، خوێندکاران، زیندانیانی سیاسی، مامۆستایان، دادخوازان و لاوان. لە هەلومەرجێکدا کە هەموو ئەم بزووتنەوانە بەم حەقیقەتە ڕوونە گەیشتوون کە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئینسانی و ئازاد ڕێگایەکیان بێجگەلە ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی نییە، ڕژیم داماوانەدا هەوڵ دەدات موقاومەتی بەرینیان تێکبشکێنێت.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای ئیدانەکردنی ئەم حوکمە تاوانکارانەیە داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ دەکات کە بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری خۆیان چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات جگە لە نیشاندانی بەردەوامبوونی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، بۆ ڕێگریکردن لە ئێعدامی تووماج تێبکۆشن.

وێڕای ئەوەیکە دەبێ بەم حەرەکەتە پیلانی تازەی ڕژیم ڕیسوا بکەین، پێویستە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی تووماج و هەموو بەندکراونی سیاسی بخەینە سەرووی دروشمەکانمان.

سزای سێدارە، ئەم تاوانە دەوڵەتییە دەبێ هەڵوەشێتەوە!

زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!


٦ی گوڵانی ١٤٠٣

٢٥ی ئاپریلی ٢٠٢٤

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت