چوونی کرێکارانی سەنعەتی نەوت بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیی ئێران لە پاڵاوگەکانی عەسەلوویە، بووشێهر و بەدوایدا ئابادان، بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژنان، لاوان و جەماوەری ژێر ستەم و چەوسانەوە بەئامانجی ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداری و مەزهەبیی دەسەڵاتدار، لە ئەگەری پەرەسەندنی خێرادا، دەتوانێ هاوسەنگیی هێز لەلایەکەوە بەقازانجی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و لەلایەکی دیکەوە بارودۆخی بابەتی بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری – سۆسیالیستی بگۆڕێت.
دوای ساڵەها خەباتی پیشەیی و سیاسی و موتالباتی و بەدەستهێنانی گەلێک ئەزموونی شکست و سەرکەوتن، ئەمجارەیان بەشی پێشڕەوی کرێکارانی سەنعەت، بە درووشمی مردن بۆ دیکتاتۆر هاتوونەتە مەیدان. هاوڕێیانیان لە بەشەکانی دیکە هۆشداریان داوە کە “ئەگەر دەزگای ئەمنییەتی – نیزامیی ڕێژیم کۆتایی بە سەرکوت و خوێنڕێژی نەهێنێت، دەست دەدەنە مانگرتن.” ئەزموونی بزووتنەوەی دژەپاشایەتی لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی و هاتنە مەیدانی سەرکەوتووانەی کرێکارانی شیرکەتی نەوت بە مانگرتنەکانیان کە بە خێرایی مانگرتنی گشتیی لێکەوتەوە و پایەکانی ڕێژیمی پاشایەتیی خستە لەرزە، خەوی لە چاوی حاکمانی ستەمکار تاراندووە.
ئەو هەواڵانەی کە لە درزەکانی سانسووڕەوە دزە دەکەن، ترس و ناکۆکیی ناوخۆیی بەرین و سەرلێشێواویی بەرپرسانی سەرکوتگەرمان پێ نیشان دەدەن. ترسێک کە لە پەرەسەندنی خێرا و درێژەی بێوێنەی خەباتی شەقام و بزووتنەوەی بەهێزی کرێکارانەوە سەرچاوە دەگرێت کە شووشەی تەمەنی ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لەناو دەستە بەتواناکانی دایە.
ئەگەر بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەستێنی سیاسیی چوونی کرێکاران بۆ ناو خەباتی بیلاواسیتەی سیاسیی ئامادە کردووە و تەلیسمی مانگرتنی سیاسیی کرێکاران دوای یەک دەیە کێشمەکێشی موتالباتی شکا، هاتنە مەیدانی کرێکاران بۆناو بزووتنەوەی گشتیی سەرانسەری، هێز و توانایەکی تازە دەبەخشێت. بێگومان ئەم دوانە هێز لە یەکتر وەردەگرن. بەڵام پەرەسەندنی مانگرتنی شەقام و بوونی بە ڕاپەڕینێکی کرێکاری – جەماوەرییە کە چارەنووسی نیزامی دەسەڵاتدار ڕەقەم لێدەدات. چوونی شکۆمەندی کرێکارانی نەوت بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسەت، ئەم ئاسۆیەی زیاتر لە ڕابردوو مەیسەر و ڕوونتر کردووە.
کاتی ئەوە هاتووە کە کرێکارانی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست لە جەرگەی ئەم مانگرتنانەدا زەمینەی بزووتنەوەی شۆرایی داهاتوو، هەر لەمڕۆوە ئامادە بکەن. ئەمڕۆ پێکهێنانی شۆرا و کۆمیتەی گەڕەکەکان ئەو زەرفەیە کە دەتوانێ بەخێرایی هەموو چالاکانی بەشداربووی نەبەردی شەقام و بزووتنەوەی مانگرتن لێک نزیک بکاتەوە.
ئەزموونی شکست خواردووی ڕێبەندان پێمان دەڵێ کە کرێکاران و زەحمەتکێشان پێویستە هەر لەمڕۆوە لە هەوڵی دانانی بناغەی دەوڵەتی کرێکاری – شۆرایی خۆیاندا بن و بە هیچ شێوەیەک ڕێبەریی ئەو کەسانە قەبووڵ نەکەن کە لەسەرووی بزووتنەوەی مانگرتن و ڕاپەڕینەوە، داوا لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەکەن کە ئارام ببنەوە و ئەوان بکەنە نوێنەری خۆیان تا لەم ڕێگەوە لەگەڵ باڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی چینی دەسەڵاتدار سات و سەودا بکەن.
دەسەڵات لەناو دەستی ئێوەدایە و هی ئێوەیە!
بەندکراوی سیاسی بێ شەرت و مەرج دەبێ ئازاد بکرێ
نەمێنێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١٩ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت