فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان: “ئاهوو دەریایی” شایەنی ئەوپەڕی ڕێز و پشتیوانییە!
پێنجشەممە ۱۷-۰۸-۱۴۰۳   |  07-11-2024

“ئاهوو دەریایی” خوێندکاری زانکۆی زانست و توێژینەوە لە کردەوەیەکی بوێرانەدا لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە فشاری سەرکوتگەرانی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی، لە کاتێکدا کە لەلایەن ئەم هێزانەوە گەمارۆ درابوو بە داکەندنی جلەکانی بۆ جارێکی تر ڕق و بێزاریی کچان، ژنان و خەڵکی کۆمەڵگای ئێرانی جەسوورانە نیشان دا. هەواڵی ناڕەزایی بێباکانەی ئەو دەستبەجێ بوو بە سەردێڕی هەواڵی میدیاکان و نمونەیەکی تری لە عەزەمەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بەرابەری تەڵەبیی ژنانی ئێرانی بە هەموو دنیا نیشان دا.

ناڕەزایەتیی “ئاهوو دەریایی” وەک حەرەکەتێکی هێمایین، ناڕەزایەتییە دژبە نیزامی ئاپارتایدی جنسی، فەرهەنگی پیاوسالاری و هەموو یاسایەکی کۆنەپەرستانەی دژی ژن کە بە درێژایی ئەم ٤٥ ساڵە بەسەر ژنانی ئێراندا سەپاوە. کردەوەی بوێرانەی “ئاهوو دەریایی” لە ناڕەزایەتیی گشتی کۆمەڵگا و ئەساسەن لە بزووتنەوەی سەرتاسەری ژن، ژیان، ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێ. کە توانیی هاوسەنگیی هێز بەدژی ڕژیم و بەقازانجی خەباتی خەڵکی وەگیانهاتوو لەم نیزامە دیکتاتۆری و زەبروزەنگە بگۆڕێت. کۆمەڵگەی ئێران و دەرەوەی ئێران بە تەواو مانا پشتیوانی لەم کچە بێباک و جەسوورە دەکات و بایەخ بە هەڵیت و پڵیتی کۆنەپەرستان نادات کە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئەم کردەوە شۆڕشگێڕانەیە دەدەن.

ناڕەزایەتیی بەردەوامی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەدژی هەڵاواردنی ڕەەگەزی و نیزامی پڕلە جیاکاری و نابەرابەری، بە بەرینایی گشت کۆمەڵگا لەئارادایە. “ئاهوو دەریایی” لەم نەبەردە نابەرابەرەدا بەتەنیا نییە. ئەو منداڵی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران و منداڵی هەموو ئەو ئینسانە ناڕازییانەیە کە بە خەباتی لێبڕاوانەیان خەویان لە چاوی خوێنڕێژانی ڕژیمی ئیسلامی تاراندووە. تێکۆشانی پیاوان و ژنانی ئازادیخواز لە دژی حیجابی زۆرەملێی بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی چینی کرێکار و هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ئێران، کە دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ هەموو کۆمەڵگای لەئاسۆدایە. خەباتێک کە بێگومان ژنان تێیدا ڕۆڵی پێشەنگیان بووە و دەیانبێت.

بۆ پشتیوانیکردن لە “ئاهوو دەریایی” چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵات نابێ لە هیچ هەوڵێک دەریغ بکەین. “ئاهوو دەریایی” شایەنی زۆرترین حمایەت و پشتیوانیی خەباتکارانەیە. داوا لە هەموو حیزب و ڕێکخراو و ناوەندە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەکان دەکەین کە بۆ ڕزگارکردنی دەستبەجێی گیانی “ئاهوو دەریایی” تێبکۆشن.

نا بۆ حیجابی ئیجباری، هێمای بێڕێزی بە حورمەتی ئینسان

مەرگ بۆ کۆماری سەرمایەداریی ئیسلامی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣

٥ی نوامبری ٢٠٢٤