ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لەناو قەیرانێکی قووڵ و هەمەلایەنەدا دەست و پێ لێدەدات. پەرەسەندنی ئەم قەیرانانە لە بارودۆخێکدایە کە دەزگای ئایدیۆلۆژیک و ڕووحانییەت، ناتوانن مەشرووعییەت بدەن بەو هەمووە شکست و زەلیلییەی کە لەسەر ئاستی ناوچەیی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا هاتووە. ناتوانن مەشرووعییەت بدەن بەو هەمووە هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە، بەو هەمووە بێ مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زۆرینەی خەڵکی ئێرانیاندا سەپاندووە. لەم ڕووەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری ڕوویان کردووەتە پەرەپێدانی سەرکوت و شەپۆلی ئێعدامکردنی زیندانییانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی. ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی کە توانای وڵامدانەوەی بە سەرەتاییترین داخوازییەکانی خەڵک نییە، بە پشت بەستن بە تاکتیکی سەرکوت و بە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام دەیهەوێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و لەم ڕێگەوە درێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەی بدات. حکوومەتی ئیسلامی بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، بێهرووز ئێحسانی، موجاهد کورکور، مێهدی حسێنی و ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی کۆمەڵایەتی دەیهەوێ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران چاوترسێن بکات.
بەڵام کۆمەڵگا نەتەنیا بەم سەرکوتگەرییانە چاوترسێن نەبووە، بەڵکوو حوکمی ئێعدامی چالاکانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ شەپۆلێکی بەهێز لە ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران بەرەوڕوو بووەتەوە. دوای دەرکردنی ئەم ئەحکامە نامرۆڤانەیە ڕێکخراوەکانی سەربەخۆی کرێکاران، خانەنشینان، موعەلیمان، خوێندکاران و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان بە دەرکردنی بەیاننامە ئەم حوکمە زاڵمانەیان لێبڕاوانە مەحکووم کرد. لە شاری سنە ژنانی تێکۆشەر و بنەماڵە دادخوازەکان لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. چالاکانی کەمپەینی دیفاع لە ئازادیی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی چالاکیی کاریگەر و بەرینیان لەم بوارەدا ئەنجامدا. پتر لە چوار هەزار کەس لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ناڕەزایەتیی خۆیان لەدژی حوکمەکانی ئێعدام ڕاگەیاند. لە دەرەوی وڵات کەمپەینی بەرین لەدژی ئەم حوکمانە کەوتە ڕێ و هێستاش هەروا درێژەی هەیە. ئەم چالاکییانە بە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە بە هیمەت و داهێنانی بەندکراوانی سیاسی زیاتر لە یەک ساڵە بەردەوامە، هێز و توانایەکی تازەی بەخشیوە.
لە درێژەی کەمپەینی “نا بۆ ئێعدام”دا، بانگەوازی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان دژبە حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و باقیی چالاکانی کۆمەڵایەتی دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ بێت لە مەسیری بەهێزکردنی بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام و پاشەکشە کردن بە کۆماری ئیسلامی لەم تاوانە ڕێکخراوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە هەڵمەتی مەزنی “نا بۆ ئێعدام” و لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان پشتیوانی دەکات و داوا لە هەموو خەڵکی تێکۆشەری ئێران و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان دەکات بە هەر شێوەیەک دەتوانن لە مانگرتنی گشتی لە کوردستان پشتیوانی بکەن.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣
٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت