فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: خەزەڵوەر درێژەی هەیە! پێشڕەویی سۆزبزوێنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە
یەکشەممە ۲۹-۰۸-۱۴۰۱   |  20-11-2022
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: خەزەڵوەر درێژەی هەیە! پێشڕەویی سۆزبزوێنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە

لە ڕۆژانی ڕێزگرتن لە “ئاخێزی خەزەڵوەر”دا خەڵکی ئازادیخواز بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین لە سەرانسەری کۆمەڵگە نیشانیان دا کە لە بڕیاریان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی پاشگەز نابن. زۆربەی شارە گەورە و چکۆلەکان و گوندەکان، بوون بە مەیدانی خەباتی شکۆدار دژبە دەسەڵات. “شەقام” بەستێنی خەباتی پڕگوڕوتینی کچان و کوڕانی لاو و تازەلاو بوو کە لەم ڕێژیمە بێزارن و دەخوازن ئەم ڕێژیمە بخەنە گۆڕستانی مێژووەوە. ژنان لە هەموو شوێنێک چالاکانە حزووریان هەیە و گاڵتە بە یاسا و سوننەتە ئیسلامییەکان دەکەن. خوێندکاران، مەدرەسە و زانکۆیان کردووەتە هێمای خەبات دژبە حکوومەتی جەهل و تاوان. کرێکارانیش بەردەوام لە خەباتی شەقامدا بەشدارییان کردووە. کرێکارانی تواندنەوەی ئاسن، بەشێک لە کرێکارانی پەیمانیی پێترۆشیمی و نەوت لە عەسەلویە و شوێنەکانی تر دیسان دەستیان داوەتە مانگرتن. کەسەبە و خاوەن پیشە چکۆلە و کەم داهاتەکانیش بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. لە هێندێک لە شارەکان بازاڕییانیش کە توێژێکی پارێزکارن پەیوەستی ئەم مانگرتنە بوون. هێزە سەرکوتگەرەکان لە هێندێک لە شارەکان کرانە ئامانجی کاردانەوەی بوێرانەی خەباتکاران. لەماوەی سێ ڕۆژدا لە شارەکانی کامیاران، سنە، بۆکان، ئیزە، سەمیرۆم و باقیی شارەکانی ئێران زیاتر لە ٣٠ کەس لە خەباتکاران گیانیان بەختکرد. زۆرێک لە چالاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەش لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەستبەسەرکراون و بە ژمارەی بەرینی زیندانییانی سیاسی زیاد بوون. پێویستە هەوڵ بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی بە شێوازی جۆراوجۆر پەرەی پێ بدرێت. سەرەڕای هەموو هەوڵێکی ڕێژیم بۆ سەرکوتی ئەم بزووتنەوەیە، خەڵکی خەباتکار و نەسلی جەوان بە بوێرییەکی بێوێنە، دەسەڵات و دەزگای سەرکوتەکەیان تۆقاندووە و خستوویانەتە لەرزە.

لەماوەی سێ ڕۆژی ڕێزگرتن لە گیان بەختکردووانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨، ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە نیشانی دا کە “خەزەڵوەر درێژەی هەیە” و ئەم بزووتنەوەیە بە پەرەپێدانی خەباتی سەرانسەری، هەنگاوێکی گەورەی دیکەی بەرەوپێش هەڵگرتووە. بێگومان ئەم ڕۆژانە لە مێژووی خەباتی کۆمەڵگەدا تۆمار دەکرێت. بەڵام درێژەی ئەم بزووتنەوەیە لە گرەوی مانگرتنی گشتی و گەشەی مانگرتنی کرێکاران لە بەشی سەنعەت و خزمەتگوزاری و ئیداری دایە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە هەرچی زیاتر پێشڕەوی بکات زمینە بۆ گەشەی ئەم مانگرتنانە و وەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەپێناو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی زیاتر ئامادە دەبێت. لە جەرگەی وەها بارودۆخێکی پڕ لە ئاڵوگۆڕدا، ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست هەوڵ دەدات کە لە سەرەوە و لەڕێگەی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و ئەو میدیایانەی کە بە پارەی دەوڵەتانی کۆنەپەرست پێکهاتوون، هێژمۆنیی خۆی بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا بسەپێنێت. هاوپشتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، ناوەندە پێشکەوتنخوازەکان بۆ پەراوێزخستنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، و ئاراستەدان بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئەم شێوازە لە هاوپشتی دەتوانێ لە بەستێنی ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەدا، یارمەتیدەری پەرەپێدانی ڕێکخستنی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان بێت و زەمینەکانی پێشڕەوی بەرەو وەدیهاتنی ئازادی و بەرابەری ئامادە بکات.

زیندانیی سیاسی پێویستە ئازاد بکرێت!

بڕووخێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١

١٧ی نوامبری ٢٠٢٢