لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی “موحسین شکاری” و “مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد” دوو چالاکی سیاسی و دوو شۆڕشگێڕی بەندکراوی ئێعدام کرد و بۆ ژمارەیەکی زۆریش حوکمی ئێعدامی دەرکردووە. دوو برای خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە و سامان یاسین، ڕەپێری خەڵکی کرماشان و دکتور حەمید قەرە حەسەنلوو لە تاران، لەو کەسانەن کە لە بێداگاکانی ڕژیمی ئیسلامیدا بە ئێعدام مەحکووم کراون.
دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامی هاوکات لەگەڵ دەرکردنی حوکمی جەنایەتکارانەی ئێعدام بۆ چالاکانی سیاسی و شۆڕشگێڕانی ئاخێزی ئەم دوایانە، چوار کەسی تر لە ناڕازییانی بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کردووە و لەژێر ئەزیەت و ئازار و ئەشکەنجەدان.
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، لاوانی شۆڕشگێڕ!
بڕیاری بەرپرسانی باڵای ڕژیم بۆ کوشتنی نەیارانی سیاسی بەر لە حوکمی قازییە جەنایەتکارەکان دەرکرا. خامنەیی خوێنڕێژ ڕایگەیاند کە پێویستە حوکمی ئێعدام لەژێرناوی قەساس بەڕێوەبەرن. هەر ئەم فەرمانە و ئەم بڕیارە زیاتر لە ڕابردوو نیشانی دەدات کە سزای ئێعدام قەتڵی بەئانقەستی دەوڵەتییە. ئەم جەنایەتکارانە بەرلە لێکدانەوەی دۆسیە و سەلماندنی تاوان و بەر لە بەڕێوەبردنی دادگا، لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا بڕیاریان دا کە شۆڕشگێڕان و زیندانییانی ئەم ئاخێزە بکووژن. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بە قەتڵی ئازیزانی ئێمە دەیانهەوێ کۆمەڵگە چاوترسێن بکەن. بەڵام خەڵکی ئێران بڕیاری خۆی داوە و هەتا ڕووخاندنی یەکجاریی ئەم ڕژیمە تاوانکارە ڕاناوەستن.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
تەنیا ڕێگای کورتکردنەوەی دەستی جەنایەتکارانی ئیسلامی لە کوشتنی خەڵکی شۆڕشگێڕ، درێژەی بەهێزتری ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرینگە و بۆ تێکشکاندنی دەرگای زیندانەکان و ڕزگاریی ئازیزانی زیندانیمان، ڕێگایەکمان بێجگەلە هاوپشتیی زیاتر و یەکگرتن و یەکپارچەیی هەموو خەڵکی ناڕازی نییە. بە هێزی یەکگرتوومان دەتوانین و دەبێ ئازیزانی بەندکراومان لە چنگ خوێنڕێژانی ئیسلامی دەرێنین.
بۆ ڕێگری لە ئێعدامی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە و یاسین و دەیان زیندانیی تر کە لەژێر حوکمی ئێعدام دان و ئەسیری ڕژیمی ئیسلامین، و بۆ ڕزگاری هەموو ئازیزانی بەندکراو، پێویستە دەنگ هەڵبڕین و یەکپارچە بێینە مەیدان. هێزی بەکۆمەڵ و یەکگرتن و هاوپشتیی خەڵکی ناڕازی و مافخواز کلیلی سەرکەوتنە لەم ڕێگایەدا.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان وێڕای ڕاگەیاندنی خەم و پەژارە و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری گیانبەختکردووانی ئەم دوایانە، بۆ ڕزگاریی گیانی ئازیزانی مەحکووم بە ئێعدام و بۆ ئازادیی هەموو زیندانییانی سیاسی، خۆی بە هاوڕێ و پشتیوان دەزانێت. خۆسازماندان و پێکهێنانی ڕێکخراوەی هەرچی زیاتر لە گەڕەکەکانی شار و دێ و تەعەڕوز بۆسەر ڕژیم و بەهێزکردنی خەبات بەشێوەی مانگرتنی بەرین و سەرانسەری بەتایبەت لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و هەروەها گرتنەوەی شەقام، ئاڵقەی گرینگی پێشڕەویی خەباتی جەماوەرە. ئێمە بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدەین کە ڕیزی ناڕەزایەتی و یەکگرتوویی و خەباتی خەڵک، بەهێزتر لە پێشوو و ڕێکخراوتر لە ڕابردوو بێتە مەیدان.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٤ی دێسامبری ٢٠٢٢