لە مێژوودا ساتگەلێک هەن کە پێشبینی ناکرێن. شۆڕش یەکێک لەو بەرچاوترین ڕووداو و ساتە گرنگەکانی مێژوویە کە کاتی ڕوودانی لە پێشدا دیاری ناکرێت. دەکرێ هێندێک لە نیشانەکانی بەر لە سەرهەڵدانی ببیندرێت. دەکرێ بارودۆخی بابەتیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەستێنی سەرهەڵدانی بەدی بکرێت. دەکرێ پێگەی هێز و چینە دەخیلەکانی شۆڕشێک لە پێشدا هەڵسەنگێندرێن. بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە هێستاش دژوارە پێشبینی بکرێت کە کام ڕووداو وەک چەخماخەیەک کۆمەڵگە وەخرۆش دەخات و لەوەش گرینگتر لەپێشدا مەعلووم نییە کە کام هێز زیاتر لە هەمووان خۆ دەخاتە ناو مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی و شۆڕشگێڕانە و چینایەتییەوە.
ئێمە بە درووستی بەسەرنجدان بە باروودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە وتبوومان کە کۆمەڵگەی ئێران لە بەردەم شۆڕش دایە و قۆناخی دوای کۆرۆنا قۆناخی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەبێت. وتبوومان کە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری ژیان و بژێوی ملیۆنان ئینسانی خستووەتە ژێر گوشارەوە. ئەم ملیۆنان ئینسانە چاوەڕوانی چەخماخەیەکن تا تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕن. ملیۆنان کەس چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر دەبەن. ملیۆنان خانەنشین دەبێ لە تەمەنی بەساڵاچووییدا کاری تاقەت پڕووکێن بکەن تا تیکەیەک نان بخەنە سفرە بەتاڵەکانیانەوە. کرێکارانی قەراردادیی سەنعەتی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە گەرمای باڵای ٥٠ پلەدا هاوشێوەی کۆیلە کاریان لێ دەکێشرێت. شەلاقی هەڵاواردنی جنسیەتی هەموو ڕۆژێ لە جەستەی ژنانی کۆمەڵگە دەدرێت و ئەوباشانی گەشتی ئیرشاد لە گیانیان بەردەبن. منداڵانی کار و شەقام، دنیای منداڵییان نابوود دەبێت. خوێندکاران لەژێر گوشاری فەزای ئەمنییەتی و پادگانی زانکۆ، بەپارەکردنی پەروەردە، لەژێر گوشاری دەخاڵەتی دین و هەڵاواردنی ڕەگەزی دان. مامۆستایان بەردەوام لەژێر فشاری کێشەی مەعیشەتی دان. لەم ڕووەوە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا شایەتی مانگرتن و ناڕەزایەتیی شکۆداری کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بووین. ئەمجارەیان قەتڵی مەهسا بوو بە جەرەقەیەک و نە تەنیا تووڕەیی پەنگخواردووی چل و چوار ساڵەی ژنان بەڵکوو تووڕەیی و ناڕەزایەتیی دژبە بێعەداڵەتی، هەژاری و فەلاکەت و بێ مافیی سیاسیی لەئاستی سەرانسەریدا ڕژاندە سەر شەقام.
ئەوە ڕاستە کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە درێژەی ئاخێزی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ دایە، بەڵام بەرینایی ئەم ئاخێزە، بوێری و قارەمانیەتیی خەباتکارانی سەر شەقام و بەتایبەت بەشداریی بەهێزی ژنان کە حیجاب و سەرپۆش دەسووتێنن و هەموو هێماکانی ڕێژیمی داکۆکیکاری هەڵاواردنی ڕەگەزی پێشێل دەکەن، ئاڵۆگۆڕێکی مێژوویی و بێ وێنەی خوڵقاندووە. مامۆستایان و خوێندکاران بەتایبەت لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حەماسەیان خوڵقاند. خوێندکاران بە هێنانەخواری وێنەی خامنەیی و ڕێپێوان لەسەر شەقامەکان و بە فڕێ دانی ڕووسەرییەکانیان گەلێک دیمەنی پڕ گوڕوتینیان نەخشاند. لە زۆرێک لەشارەکان موقاومەتی گیانفیدایانە بەرامبەر سەرکوتگەران شکڵی گرت. لە هێندێک لە شارەکان چەندین کاتژمێری بەردەوام شەقامەکان بە دەست خەڵکەوە بوون. لە هێندێک شار سەرکوتگەران بەناچار ڕایانکرد. هەمووی ئەمانە ساتگەلێکی شکۆدارن. بەڵام بێگومان ڕێژیمی ئیسلامی بە چنگ و ددان لە دەسەڵاتەکەی دیفاع دەکات. کەوابوو ئێمەش دەبێ هەر سەنگەرێک کە دەیگرینەوە وەک گلێنەی چاو بیپارێزین.
ئێستا تۆڕی پەیوەندیی ژنان و پیاوانی لاو و شۆڕشگێڕ لە شاری سنە و مەریوان و لە زۆرێک لە شارەکانی تر پێکهاتووە. هەر ئەم تۆڕە پەیوەنددراوەی لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارەکان و لە زانکۆکان کە لە ڕێکخستنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا ڕۆڵیان بینیوە، دەتوانێ بەردی بناغەی شۆرای گەڕەکەکان و زانکۆکان پێک دێنێت. ئەم شۆرایانە لە باروودۆخی ئێستادا دەتوانن وەک ئۆرگانی ڕێکخستن و ڕێبەریی خەباتی جەماوەر دەور ببینن و لەگەڵ لاوازبوونی زیاتر ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵ هەر بۆشاییەک کە لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی گەڕەک و شارەکاندا پێک دێت دەتوانن وەک ئۆرگانی ئیدارە و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە دەورونەخشیان بێت.
ئەگەر نامانهەوێ لەسەر سەرمانەوە ڕێبەرمان بۆ بتاشن، ئەگەر نامانهەوێ دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان تەنانەت بە سات و سەودا لەگەڵ هەر ئەم حکوومەتە ئیسلامییە “شۆڕشی هێمنانە” یان “ئینقلابی مەخمەلی”مان بۆ تەداروک ببینن، پێویستە هوشیار بین. لەبیری نەکەین کە ڕووخانی ئەم ڕێژیمە هێشتا بە مانای سەرکەوتنی شۆڕش نییە. هەر ئێستا کێشمەکێشی ئالتێرناتیڤەکان لە ئارادایە. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان کە دەسەڵات لە سەرەوە دەست بە دەست بکرێت و حکوومەتێکی سەرمایەداریی دیکتاتۆری غەیرە دینی بخەنە جێگای حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران. کەوابوو ئەگەر قەرارە بە ڕووخاندنی ڕێژیمی جمهوری ئیسلامی خواستی کرێکاران، ژنان و جەماوەری ستەمدیدەی خەڵک وەدی بێت، پێویستە وێنەیەکی ڕوونمان لە ڕووخاندنی شۆڕشێگێڕانەی کۆماری ئیسلامی هەبێت. دەستڕاگەیشتنی کرێکاران، ژنان، بێبەشانی شار و جەماوەری ستەملێکراوی کۆمەڵگە بە خواستەکانیان لە گرەوی ئەوە دایە کە ژنان و پیاوانی کرێکار واتە بەرهەمهێنەرانی سەرەکیی سەروەتی ئەم کۆمەڵگەیە، زەحمەتکێشان و بێبەشانی شار، هەر ئەم ڕەزمەندانەی سەر شەقام، لە سبەینێی ڕووخانی جمهوری ئیسلامیدا لە پێکهاتەیەکی شۆراییدا دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرن و ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا هەبێت. واتە هەم ببنە داڕێژەری یاسا و هەم بەڕێوەبەری یاسا.
لەم باروودۆخەدا پێویستە ڕێکخراوی شۆرای جەماەریی ژنان پایەڕێژی بکەین. شۆرای کرێکارانی بێکار پێک بێنین. لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری هیچ دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان لە دەست نەدەین. وەها هەوڵگەلێکی ڕێکخەرانە دەتوانێ دەستکەوتەکانی خەبات و گیانفیداییەکانی هەتا ئێستا سەقامگیر بکات و بەشێک لە پێداویستییەکانی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانە دابین بکات. نابێ فەرامۆشی بکەین کە شۆراکان ئۆرگانی ئامادەکردنی جەماوەر بۆ ڕاپەڕینن. ئۆرگانەکانی شۆڕشن. چینی کرێکار، ژنان و پیاوانی بەش مەینەت و زەحمەتکێش، بێبەشانی شار، خەباتکارانی سەر شەقام بە پشت بەستن بە شۆراکانی خۆیان دەتوانن هەم دەسەڵاتی ئێستا بڕووخێنن و هەم جێگاکەی پڕ بکەنەوە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران