ڕێکەوتی ١٢ی مانگی گوڵان “یەکیەتی ڕێکخراوەکانی کامیۆنداران و شۆفیران”ی سەرانسەری ئێران لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە هۆشداری دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی تا ئەوەڵی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ خواستەکانیان جێبەجێ نەکات دەست دەدەنە مانگرتنی سەرانسەری. ئەم یەکیەتییە لەم بانگەوازەدا داوای لە کرێکاران و باقی ئەسناف کردبوو کە لە ناڕەزایەتی دژبە زوڵم و ستەمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا دەست بدەنە مانگرتن و پێیان پەیوەست بن. لەو جێگەوە کە لەم ماوەیەدا ڕژیمی ئیسلامی بایەخێکی بە خواستەکانیان نەدا، شۆفیران و کامیۆنداران پێداگرن لەسەر ئەوەیکە ئەم مانگرتنە دەستپێبکەن. هەڵبەت شۆفیر کامیۆنەکان لە تێرمیناڵی گرینگ و ستراتێژیکی بەندەرعەباس لە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی مانگی گوڵان واتە ڕۆژێک زووتر لە ڕێکەوتنی دیاریکراو، مانگرتنی خۆیان دەستپێکرد.
لە بەشێک لە بانگەوازی مانگرتنی ئەم یەکیەتییەدا، ڕوو بە کامیۆنداران و شۆفیرانی کامیۆن وێڕای ئاماژە بە بوونی گرفت و کێشەی جۆراوجۆری ژیانیان نووسراوە کە: “ساڵی ڕابردوو بۆ ئێمە ساڵێکی یەکجار سەخت و تاقەت پڕووکێن بوو. لەئێستاشدا ئێمە لەگەڵ گەلێک کێشە بەرەوڕووین. گەلێک جار سکاڵامان کرد و مانگرتنی کورتماوەمان بەڕێوەبرد، لەگەڵ زۆر کەس دیدارمان کرد، بەڵام بەداخەوە هیچ وڵامێکی ڕەزایەتبەخشمان نەبیست! چوونەسەری نرخی دراو و گرانیی بەرین لەسەر نرخی لاستیک و پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل کاریگەریی داناوە. نەبوونی سووتەمەنی بۆ شۆفیرەکان کێشەیەکی جیدیی دیکەیە. نەدرانی کرێ لەلایەن شیرکەتەکان، ستانداردنەبوونی جادەکان و ئەو خەرجیانەی کە بۆمان دروست دەکات، نەبوونی ئیمکانات لە پایانەکان، بەحیساب نەهێنانی کاری شۆفیری وەک کاری سەخت و زیانبار بەشێکی تر لەو کێشانەیە کە هەم ئێمەی وەرشکستە کردووە و هەم کاری گواستنەوەی کاڵاکانیشی زەمینگیر کردووە”. لە بەشێکی تر لەم بانگەوازەدا شۆفیر کامیۆنەکان خوازیاری بەڕۆژکردنەوەی نرخی کرێ بەپێی تەورەۆم بوون و ڕایانگەیاندووە کە چیتر ئەم زوڵم و ستەمەیان بۆ تەحەمول ناکرێ و بە هۆکاری ئەوەیکە هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەربوونی کێشەکانیان نابینن و وادە و بەڵێنی بەرپرسان و کارگێڕانی ڕژیمیش هەتا ئێستا بێجگەلە درو هیچی تر نەبووە، لە ئەوەڵی مانگی جۆزەردانەوە مانگرتنی سەرانسەری دەستپێدەکەن.
شۆفیران و کامیۆنداران هەتا ئێستا لەئاستی سەرانسەریدا لە ناڕەزایەتی بە وەدینەهاتنی خواستەکانیان گەلێک جار دەستیان داوەتە مانگرتن. بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هیچکات بایەخی بە کێشە و خواستەکانیان نەداوە. ٥ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی ئێرانیش لەسەر بانگەوازی “یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی کامیۆنداران و شۆفیران” لە شارەکانی ١٨ ئۆستانی ئێران لەوانە بەندەر عەباس، کرماشان، قەزوین، شاپوری ئیسفەهان، مەرەند، کاشان، پاڵاوگەی شیراز، سنە، مەریوان، تاران، یەزد، فیروزکوه، ئیسلام ئاباد، قۆم و کاشان مانگرتنی سەرانسەرییان بەڕێوەبرد. ئەو مانگرتنە ١٢ ڕۆژی خایاند. وڵامی ڕژیمی ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی بە شۆفیر کامیۆن و کامیۆنداران ئەوکاتیش هەر درۆ و فریو و سەرکوت بوو. بۆ نموونە یەک مانگ دوای مانگرتن و لە مانگی بەفرانباردا ” بێدادگای ئینقلاب”ی ڕژیمی دژەکرێکاری ئیسلامی لە ئۆستانی هۆرمۆزگان دوو کەس لەوانی بەتۆمەتی “دەعوەتکردنی شۆفیران بە مانگرتن” و “شێواندنی ئەمنیەتی وڵات” (یان لەڕاستیدا ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی) موحاکمە و سەرجەم بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرد. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە “فەسڵی پەیمانەکانی قانونی کار”ی کەزایی خودی ڕژیمدا هاتووە کە: ”هەرکەس بە پەیمانێک ناڕازییە، ئەگەر وتووێژ ئاکامی نەبوو، دەتوانێ وێڕای حزووری لە شوێنی کار بەشێوەی عەمد کەم کار بکات یان ئەسڵەن کار نەکات”. مانگرتن مافی ڕەوا و یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی کرێکاران بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان بەرانبەر بە دەوڵەت و خاوەنکارانە و لە زۆرێک لە وڵاتان کرێکاران بە خەباتی خۆیان ئەم مافەیان بەسەر سەرمایەداراندا سەپاندووە.
لێخوڕینی بارهەڵگر لە ئێران لە گەرمای سووتێنەری ڕۆژ و لە تاریکی شەودا یەکێک لە سەختترین کارەکانە. شۆفێرانی بارهەڵگر له ئێران بەو ڕێگا پڕ مەترسیانەدا دەڕۆن که له ڕووی کوالیتییەوه دوورن له ستاندارده جیهانییەکان و بەردەوام مەترسیی مەرگیان لەسەرە. بەڵام بۆ مەقامات و مەسئولانی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکارانی مفتەخۆر، پاراستنی سڵامەت و دابینکردنی بژێوی شۆفیرەکان گرینگ نییە. ئەوان نایانهەوێ بزانن کە مانگرتنی شۆفیران و کامیۆنداران دەتوانێ کێشە و گرفتی بەرین لە بەشە سەرەکییەکانی سەنعەتدا پێکبێنێت. بەڵام ستانداردکردنی ژێرخانی گواستنەوەی کاڵا لە بەندەرەکان و جادەکان کارێک نییە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئابووریی داڕماویەوە بۆی بکرێت. ڕژیمێک کە لەگەڵ قەیرانی هەمەلایەنە بەتایبەت لەگەڵ قەیرانی بەرینی ئابووری بەرەوووڕیە، هەتا ئێستا هەوڵی داوە مانگرتنی کامیۆنداران و شۆفیرانی کامیۆن ئینکار بکات و بە تەبلیغات و پڕوپاگەندەی بێ ناوەرۆکی وەتەن پەرستی و تەفسیری خورافیی “پێشڕەوان و موجاهدانی بێ ناو و نیشانی جادەکان” کە گۆیا پیلانگێڕیی دوژمن دژبە کۆماری ئیسلامییان پوچەڵ کردووەتەوە و مانیان نەگرتووە، فریویان بدات. بەڵام بەکردەوە داخوازیی کرێکارانی لە هەموو بەشەکان بە سەرکوت و زیندان و ئێعدام وڵام داوەتەوە. واقعیەت ئەوەیە کە ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە، بۆ شۆفیرانی زەحمەتکێشیش چیتر تەحەمول ناکرێت. گشتگیربوونی مانگرتنی شۆفیران و کامیۆنداران و پەرەسەندنی مانگرتن بۆ بەشەکانی دیکەی سەنعەت و خزمەتگوزاری لەگەڵ درێژەی مانگرتنی سەرانسەری دژبە ڕژیم، ئەو هێزە مەزنەیە کە دەتوانێ ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینگیر بکات.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە