بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبارەوە، پووریا جەواهێری، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی کامیاران، بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتیی سەبارەت بە زیاتر لە دوو ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی خۆی بە دەستبەسەر کراوی، لە زیندانی ناوەندیی سنە مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ دووشەممە شەشەمین ڕۆژی مانگرتنی تێپەڕ دەکات.
مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهێری لەو بارەدا بە ئاماژەدان بە دەستبەسەر کرانی بۆ ماوەی ٢٥ مانگ، ڕایگەیاند، پووریا جەواهێری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی درێژماوەی لە زیندانی ناوەندیی سنە مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١، لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری سپای پاسداران لە سنە بۆ زیندانی ناوەندیی کامیاران و مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەو زیندانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترابوویەوە. جێگای ئاماژەیە، پووریا جەواهێری بە سیناریۆیەکی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کامیاران، لەژێر ڕێوشوێنە ئەمنییەکان ناچار بە ڕۆڵگێڕان لە “شانۆگەرییەکی کوشتن” کرا کە بەمەبەستی دۆسیەسازی بۆ ناوبراو و تۆمەتبارکردنی بە “بەشداریی لە کوشتنی هێزێکی حکومەتی” ئەنجام درا. پووریا جەواهێری مانگی ڕەشەممەی پارەکە، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆرشی سنە لە تۆمەتی “موحارەبە”، “پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت” و “ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت” بێبەری کرابوو. بەڵام لە دۆسیەیەکی دیکە لە دادگای تاوانەکان بە تۆمەتی” کوشتنی بە ئەنقەستی یەکێک لە کادرەکانی سپای پاسداران” ڕووبەڕوو کراوەتەوە کە تا ئێستاش سەبارەت بەو دۆسیە سزایەکی بەسەردا نەسەپێندراوە.