فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەقامی شارەکانی فەڕانسە لەژێر پێی دەوڵەتی مەکڕۆندا داغ دەبێت
سێشەممە ۱۳-۰۴-۱۴۰۲   |  04-07-2023

کاتێک گولـلەی پۆلیسی فەڕانسە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی ژوئەن، لە سینگی “ناهێل”، لاوی حەفدە ساڵ تمەن درا، ڕەنگبێ ئەوانەی وا لە ساڵی ٢٠١٧دا بە پەسندکردنی یاسا ڕێگەیان بە پۆلیسی دڕندە دا کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ “نافەرمانی” چەکی گەرم بەکار بێنن، لایان وانەبوو کە بۆ جارێکی تر ڕاپەڕینێکی هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٥ گەورەترین شارەکانی فەڕانسە دەگرێتەوە. تارماییەک کە لەو ساڵەوە بەسەر فەڕانسەدا دەسووڕێتەوە و لە خۆپیشاندانی جلیقەزەردەکان و لە مانگەکانی ڕابردوودا بەشێوەی مانگرتن و ناڕەزایەتی دژبە بڕیاری دەوڵەت بۆ بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی خۆی نیشان داوە. بەڵام دوای تەقەکردنی پۆلیس لە ناهێلی حەفدە ساڵ تەمەن، ئیتر ئەمە تارمایی نەما. قەتڵە دەوڵەتییەکانی ساڵی ٢٠٠٥ و ئەمساڵ یەکجار هاشێوەی یەکن. کاتێک “زید” و “بۆنا” لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە دەستی پۆلیس کوژران، ڕاپەڕینێکی سێ هەفتەیی شارەکانی فەڕانسەی گرتەوە. لەئێستاشدا دانیشتووانی حاشیەی شاری پاریس، بەندەری مارسی، نانسی، تولوز، گرێنوبل، سێنت ئاتین و لیۆن خرۆشاون و ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتییان دژبە تاوانی پۆلیس لەسەر شەقامەکان داگیرساندووە. ئەم وێنانە نائاشنا نین، گەلێک جار لاوانی خەباتکار لە مەیدانەکان و لە شەقامی شارەکانی ئێران ئەم دیمەنان خوڵقاندووە. „ناهێل” کە لە ناوچەی “نانتر” دەچووە مەدرەسە و ئێستا ببووە پەیکی پیتزا و ئاواتی ئەوەی بوو کە دوای تەواوبوونی دەرسەکانی دەبیرستان بێبتە مکانیکی ماشێنن، بە گولـلەیەک ئاواتەکانی پەرپەر بوون و دایکی بۆ هەمیشە جێهێشت. ئەو ژنەی لەگەڵ دیتنی جەستەی خوێناویی “ناهێل” بە تووڕەیی دەڕوا بۆ لای پۆلیس و پۆلیس بەسەریدا دەگوڕێنێ و پێی دەڵێ “بگەڕێوە ئەفریقا”. بێهۆ نییە کە “سێباستیەن روشه” کۆمەڵناسی فەڕەنسی دەڵێ: پۆلسی فەڕانسە “کوشندەترینە لە ئەورووپادا”. مەکرۆن پێشتر لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢دا بە پەسندکردنی “یاسای ئەمنیەت” چوارچێوەی ئیختیاراتی پۆلیسی زیاد کردبوو. لەم ڕێکەوتەوە ژمارەی کوژراوەکان بەدەستی پۆلیس پێنج بەرابەر زیادیان کردووە. لە ساڵی ڕابردوودا بەشێوەی مامناوەند لە هەر مانگێکدا یەک کەس لە جەریانی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلدا بە تاوانی “نافەرمانی” کوژراوە و هەر هەمووشیان غەیرە سپی پێستەکانی حاشیەی شارەکان بوون.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی “ناهێل” زۆری نەخایاند کە لاوانی وەگیانهاتوو و بێبەشکراوی پەراوێزی شارەکان، بە ئاگری تووڕەییان هێماکانی “کۆماری فەڕانسە”یان ئاگر تێبەردا. لە “مانت لا جول” یەکێک له هەژارترین حاشیەکانی پاریس هەر لە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانەوە شارەداری ئاگری تێبەردرا. پۆلیس بە گازی بیبەر و گولـلەی پەلاستیکی هێرشی کردە سەر لاوان، بەڵام دوای چەند سەعات ناچار بوون ڕابکەن. لە زۆرێک لە حاشیەی شارەکان جەماوەری ڕاپەڕیو سەنگەریان دورستکرد، وێستگەکانی پۆلیس و هەر چییەک هێمای دەوڵەت و سەرمایەداران بوو ئاگریان تێبەردا. وەزیری ناوخۆی فەڕانسە ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا وێڕای ئاماژە بەم ڕاپەڕینە باسی لە “توندوتیژیی غەیری قابیلی تەحەمول دژبە سەمبۆلەکانی کۆماری” کرد و دەستخۆشیی لە هێزە سەرکوتگەرەکان کرد کە “بوێرانە بەرەنگاری خەڵکی ڕاپەڕیو بوونەتەوە”. هەروەها وتیشی “بەرینایی پشێوییەکان زۆر زیاتر لە ساڵی ٢٠٠٥ە”. ئەو کاتیش باسیان لە ئاڵوگوڕی جیددیی لە پێکهاتەی گەڕەکەکان، زیادکردنی خوزمەتگوزاری، پەرەپێدانی ناوەندی پزیشکی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕاسیسم لە حاشیەی شارەکان دەکرد، بەڵام لەماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوودا هەموو ئەم وادە و بەڵێنانە نەتەنها هەر لەسەر کاغەز مانەوە، بەڵکوو هەژاری و ڕەفتاری ڕاسیستیی دەزگای پۆلیس زیاتریش پەرەی سەندووە.

مەکڕۆن هەموو ڕۆژێ کۆبوونەوەی بەپەلە لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی ئەنجام دەدا و ناچار بوو لە ڕۆژی دووەمدا کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا بەجێبهێڵێت و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دوابخات کە بڕیاربوو ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام بدرێت. „ئێلیزابێت بودنە” سەرۆکوەزیرانی فەڕانسە بەسەرەندان بە درێژەی ناڕەزایەتییەکان ڕۆژی هەینی دوای کۆتایی کۆبوونەوەی بەپەلەی دەوڵەت ڕایگەیاند کە: „هەموو بژاردنەکان بەئامانجی گەڕانەوە نەزمی کۆماری” باسی لێکراوە و ڕاگەیاندنی “باری نائاسایی لە هەموو وڵات” یەکێک لە بژاردەکانە. بەڵام نە ئەو و نە مەکرۆن حازر نین ئەم ڕاستییە باوەڕ بکەن کە ئەوە خودی جەماوەری ڕاپەڕیون کە نایانهەوێ بگەڕێنەوە بۆ “نەزمی کۆماری”. چونکە هەر ئەم نەزم و دەسەڵاتە واتە دەسەڵاتی سەرمایەداران ئەوانی خستووەتە حاشیەی شارەکان و نوقمی هەژاری و بێبەشی و بێکاری کردوون. ئەو شوێنەی کە لاوانی هیچ داهاتوویەک بۆ خۆیان نابینن.

ئەوانەی وا شەو و ڕۆژ لە پەرلەمانی ئەورووپا باس لە دیموکراسیی ڕۆژئاوا و پەرلەمانتاریسمی بورژوازی دەکەن و بە شاخ و و باڵی هەڵدەڵێن، دیتیان کە دەوڵەتی بەناو سەرچاوەی دیموکراسی، چل و پێنج هەزار کەس لە هێزەکانی پۆلیس و هێزی تایبەتی نیزامی و ئۆتۆمبێلی جەنگی ڕەوانەی شەقامەکان کرد تا لاوانی خرۆشاو دژبە هەژاری و تاوانی پۆلیس سەرکوت بکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاسۆشیەتدپرێس، لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانەوە لە سێشەممە ٦ پووشپەڕەوە تا ١٠ی پووشپەڕ نزیک بە دوو هەزار و ٨٠٠ کەس دەستبەسەرکراون. ئەگەرچی ڕاپۆرتی ڕوون سەبارەت بە ژومارەی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دڕندەیی هێزەکانی سەرکوتی پۆلیس بەرانبەر ناڕازییان، بێگومان برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە. دایکی “ناهێل” داوای لە خەڵک کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە دەست بدەنە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و ڕایگەیاندووە کە: „ با شۆڕشێک بۆ منداڵەکەم وەڕێ بخەین”. نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ ڕۆژی هەینی داوای لە دەوڵەتی فەڕانسە کرد کە دیاردەی ڕاسیسمی ناو هێزەکانی پۆلیس لەبەرچاو بگرێت. بێگومان ڕاسیسمی دەزگای پۆلیسی فەڕانسە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرپابوونی ڕاپەڕینی ئێستایە. بەڵام بەرەنگاربوونەوە دژبە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی دەوڵەت کە هەژاری و بێکاریی لە پەراوێزی شارەکان جێخستووە و پەرەی پێداوە، سەرەکیترین هاندەری ئەم ڕاپەڕینانەیە.

مەکرۆن، ئەم نوێنەرەی بورژوازیی فەڕانسە لای وایە کە بە ناردنی چل و پێنج هەزار هێزی سەرکوتگەر دەتوانێ ڕاپەڕینی پەراوێزخراوان سەرکوت بکات. هەڵبەت ڕێگاچارەی نیزامی سەرمایەداری لە هەموو شوێنێکی جیهان بەرانبەربە بێبەشانی کۆمەڵگا هەر ئەوە و هیچی تر. ڕەنگبێ ئەو بە میلیتاریزەکردنی شەقامەکان ئەم خرۆشانە دامرکێنێت، بەڵام ناتەباییەکان و قووڵایی بۆشایی چینایەتی، هەژاری و بێکاریی بەرین لە حاشیەی شارەکان و ڕاسیسمی جێکەوتوو لەناو دەزگای دەوڵەت و پۆلیسی فەڕانسە، بەستێنێکی پێکهێناوە کە لەگەڵ هەر چەخماخەیەک ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی لاوان و هەژارانی شار زیاتر تەشەنە دەستێنێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co