
لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی بە ئابووریی داڕماوی، لە وڵامدانەوە بە داخوازیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش داماوە، لە کاتێکدا کە لە بواری نێونەتەوەیی یەکجار خراوەتە پەراوێزەوە و لە بواری ناوچەییدا هێزەکانی میحوەری موقاومەتی یەکجار لاواز بووە، وە لەژێر سێبەری هەڕەشەی شەڕی زەلیلکەری دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا یەکڕیزی ناوخۆیی لەدەستداوە. لە وەها بارودۆخێکدا حاکمانی ڕژیمی ئیسلامی، بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و بۆ پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگا پەنایان بردووەتە تاکە ئامرازی بەردەستیان، واتە شەپۆلی تیرۆری نەیاران لە دەرەوە و پەرەپێدانی ئێعدام لە ناوەوەی وڵات.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی مانگی ڕەزبەر، میدیاکانی تورکیە باسیان لە تیرۆرکرانی نەیارێکی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ کرد. مەسعوود نەزەری، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری جەوانڕۆ، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا. ئەو کە کەسێکی ئایینی و نەیاری کۆماری ئیسلامی بوو، دە ساڵ لەمەوبەر بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی گیانی ڕووی کردبووە تورکیە. گرووپەکانی مافی مرۆڤ ئەم تاوانەیان بە تیرۆرێکی دیکەی ئامانجدار لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە دژی نەیارانی سیاسی و مەزهەبی لە دەرەوەی وڵات وەسف کرد و بە کۆماری ئیسلامییان نیسبەت دا. هەروەها ئەندامانی بنەماڵە و ئاشنایانی، دەوڵەتی ئیسلامییان بە هۆکاری ئەو تیرۆرە زانی. ئەگەرچی ئاژانسی هەواڵی فەڕانسە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی تورکیە لێکۆڵینەوەیان لەم بارەوە دەستپێکردووە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی سرووشتی دەوڵەتی تورکیە، هیوایەک بۆ بەئاکام گەیشتنی ئەم لێکۆڵینەوەیە نییە و ئەم جارەش وەک هەموو جارەکانی پێشوو کە کۆماری ئیسلامی لە ناو تورکیەدا تیرۆر و ڕفاندنی ئەنجام داوە، دەبێتە بابەتێک بۆ سات و سەودای ڕژیمی تورکیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. چونکە ئەوە یەکەم جار نییە کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی تورکیەدا تیرۆر و ڕفاندن ئەنجام دەدات و هەتا ئێستا هیچ کامیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە بەدواداچوونی بۆ نەکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، ڕۆژێک دوای تیرۆرکردنی مەسعود نەزەری لە تورکیە، لە کردەوەیەکی تیرۆریستیی دیکەدا، سەفا ئەلمەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی سیاسی “ئەلسیادە وەتەنییە”، تیرۆر کرا. ناوبراو بەهۆی بۆمبێکەوە کە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بەسترابوو، کوژرا و چوار کەس لە هاوڕێیانیشی برینداربوون. سەفا ئەلمەشهەدانی ڕەخنەگرێکی سەرسەختی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراق بوو. باوکی ناوبراو لە لێدوانێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەکانی عێراق ڕایگەیاند: لایەنە بیانییەکان کە دەیانەوێت دۆخی عێراق تێکبدەن بەرپرسیار بوون لەم تیرۆرکردنەدا. مانگی ڕابردوو لە سمینارێکدا لە سلێمانی، مەحموود ئەلمەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی گەورەی سوننە “ئەلسیادە وەتەنییە”، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ یەکێک لە کێشە گەورەکانی سەر ڕێگای سەقامگیری عێراقی، بە دەستوەردانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتدا وەسف کرد. بێگومان کەس ناتوانێ ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە تیرۆر و پێکهێنانی نائەمنی و ناسەقامگیری لە عێراق ئینکار بکات.
لە نموونەیەکی دیکەدا لە پەیوەند لەگەڵ کرەدوەی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، سەرۆکی ڕێکخراوی زانیاریی ناوخۆیی بریتانیا “ئێم ئای فایڤ”، لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لە دەفتەری ناوەندیی ئەم ڕێکخراوە لە لەندەن، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی جنوون ئامێز هەوڵ دەدات ڕەخنەگرانی خۆی لە سەرتاسەری دنیا بێدەنگ بکات. ئەو وتی: “ئێمە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ پیلانی مەرگباری ڕژیمی ئێرانمان پووچەڵ کردووەتەوە. ئەوان بەشێوازی قیزەون لە تاوانباران بۆ تیرۆری نەیارانی خۆیان کەڵک وەردەگرن”.
کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا بە بارمتەگرتنی کەسانی بیانی لە ئێرانیش بۆ نەجات و کۆمەک بە تیرۆریستەکانی خۆی لە دەرەوە، کە لە کاتی جێبەجێ کردنی پیلانی تیرۆریستی و تەقینەوەدا دەستگیرکراون، کەڵک وەردەگرێت. کەسانی بیانی بە بێ هیچ بەڵگەیەک دەستبەسەر و لە دادگا فەرمایشییەکاندا بە تۆمەتی ناڕاستی سیخوڕی، بە زیندانی درێژماوە و تەنانەت ئێعدام مەحکووم دەکرێن. ساڵەها ئەوان بەشێوەی نامرۆڤانە لە زینداندا ڕادەگرن تا لە موعامەلە لەگەڵ دەوڵەتی خوازراویان، کەڵکیان لێ وەگرن. دەوڵەتەکان بەتایبەت دەوڵەتانی ئورووپایی بە موماشات و سازش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا، بەکردەوە کۆماری ئیسلامییان بۆ درێژەدان بەم جنایاتە هانداوە. دوایین نموونەی، دەستگیرکردنی دوو چالاکی سەندیکایی خەڵکی فەڕانسەیە کە زیاتر لە سێ ساڵە بە تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕی بۆ دەوڵەتی فەڕانسە، لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگیراون و بەپێی ڕاپۆرتی لۆمۆند، قەرارە لەگەڵ یەکێک لە مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بگۆڕدرێتەوە.
بێگومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە ئێعدام و تیرۆر و بارمتە گرتن درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. ئەم ڕژیمە لە بەرامبەر بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندایە کە ڕۆژانە بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆیان، حکوومەتی ئیسلامییان تەنانەت لە ناو زیندانەکانیشدا خستووەتە ژێر فشارەوە. مانگرتن لە خواردنی پێنج ڕۆژەی زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس لە بەندکراوان لەدژی ئێعدام لە قزڵحەسار، هەروا درێژەی هەیە و پشتیوانی لەوان لە دەرەوی زیندان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت. ئێعدامی زیاتر لە هەزار زیندانی لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوو، نیشانەی ئەوپەڕی وەحشەت و نیگەرانیی سەرانی ڕژیم لە چارەنووسیی حەتمیی نیزامی ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە گەندەڵە لە ئیدارەکردنی هەرجۆرە بوارێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی بێتوانا و داماوە. بەڵام قەیرانی ئابووری و بارودۆخی فەلاکەتباری ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ڕێگایەکی بێجگەلە درێژە و گەشەپێدان بە خەبات نەهێشتووەتەوە. لەسەر بەستێنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا، ئەم خەباتە لە بواری ڕێکخستنیشەوە گەشە دەکات و بە شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاری بەخش، پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی فەراهەم دەکەن. کۆماری ئیسلامی بە ئێعدام و تیرۆر و بارمتە گرتن ناتوانێ بەر بەم ڕەوتە بگرێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە