دوێنێ جومعە ٢١ی گەلاوێژ بەرانبەر بە ١٢مانگی ئوت رۆژی جیهانی لاوان بوو. مجمەعی گشتی سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی ١٧ دیسامبەری ساڵی ١٩٩٩ دا، ١٢ مانگی ئوتی بە ناوی ڕۆژی جیهانی لاوان راگەیاند. ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە لە ساڵدا لە لایەن سازمانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە ناوی ڕۆژی جیهانی لاوان ئەگەر چی فوڕماڵ و سەمبولیکە، بەڵام تەرخان کردنی ئەو ڕۆژە لە ساڵدا وەک ڕۆژی جیهانی لاوان دەتوانێ دەرفەتێک بێت بۆ پێ ڕاگەیشتن و سەرنجدان بە ژیان و گوزەرانی لاوان. لە دونیای ژێر دەسەڵات و حاکمیەتی نیزامە سەرمایەداریەکاندا ناتوانین هەموو لاوان بە یەک جۆر و لە یەک کاتەگۆری کۆمەلایەتی و چینایەتیدا بە ئەژمار بێنین. چونکە ژیان و گوزەرانی لاوانیش ڕاستەو خۆ لە ژێر کاریگەری قانونمەندی نیزامی چینایەتیدایە. ئەوەی کە لێرەدا مەبەستی ئێمەیە لاوانی توێژ و چینە تەنگدەستەکانی کۆمەڵگا لە هەموو وڵاتان بە تایبەت ولاتانی دواکەوتووی سەرمایەداری لە جیهانی سێهەم یەک لەوانە ئێرانە.
لە ئێرانی ژێر دەسەلاتی حکومەتی ئیسلامی سەرمایەداراندا بێکاری یەکێک لە گرفتە ئەسڵیەکانی لاوانە. بە تایبەت بێکاری لاوانی توێژ و چینە هەژارەکانی کۆمەڵگا، بە خوێندوار و نەخوێندواریەوە گرفتێکی کۆمەڵایەتی گەورەیە. نرخی سەرەوەی بێکاری سەرچاوەی زۆربەی موشکڵە کۆمەڵایەتیەکان هەم بۆ لاوان و هەم بۆ باقی توێژەکانی کۆمەڵ بە تایبەت بنەماڵەکانیانە. دەر سەدی بێکاری لە نێوان لاواندا لە ئێران بە بەراورد لە گەڵ باقی وڵاتانی تری لە چەشنی ئێران زۆر زیاترە. کەیومەرسی سەرمەدی ئەندامی کومیسیونی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ئیسلامی ئیقرار بەوە دەکات کە” لە حاڵی حازردا ئێمە لە گەڵ شەپۆلی لاوانی بێکار و خوێندەوار بەرەو رووین”. سیاسەت و بەرنامەکانی ئابووری حکومەتی ئیسلامی لە مەتنی ساختاری نیزامی سەرمایەداریدا، خۆی یەکێک لە هۆ سەرەتاییەکانی هەبوونی وەها نرخێکی لە سەرەوەی بێکاری لە سەتحی وڵات و بەتایبەت لە نێوان لاواندایە. بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە لایەن تجاڕەت نیوزەوە لە هەر ١٠ کەس ئێرانی بە لانی کەمەوە دەتوانین بڵێین ٣ کەس خاوەنی شوغڵن و باقیەکەی یان بێکاری موتڵەقن یا نیسبی. ناوەندی ئاماری جمهوری ئیسلامی کە هەمێشە ئامارەکان بە تێ بینی و مەسڵەحەتی سیاسیەوە بڵاو دەکاتەوە، لە بەهاری ئەمساڵ یانی ساڵی ١٤٠١ ڕایگەیاند کە سیزدە و دوودەهومی لە سەد لە جەمعیەتی فارغ التحصیلانی زانستگای ئەم وڵاتە بێکارن. ئاشکرایە کە بە پێی یاساکانی دژە ژنی ڕژیم سەهمی ژنان لەم بێکاریە زۆر زیاتر لە پیاوانە. هەڵبەت بە پێی تەرحی ئامار گرتنی نرخی ئیشتغالی ڕژیم، شاغڵ بە کەسانێک دەوترێ کە یەکەم تەمەنیان لە ١٥ ساڵ بەرەوسەرتر بێت، دووهەم ئەو کەسانەی کە لە ماوەی حەوتوویەکدا تەنانەت یەک سەعات کاری کردىی بێکار بە حیساب نایەت و ئەو کەسانەش کە بە شێوەی کاتی کارەکەیان لە دەست داوە لە نەزەر ڕژیمەوە شاغڵ بە حیساب دێن. حوجەتی عەبدولمەلکی وەزیری پێشووی تەعاون، کارو ریفاهی کۆمەڵایەتی ڕژیم ئیقرار بەوە دەکات کە ژومارەی بێکاران لە کۆتایی ساڵی پێشوودا ٢ میلیون و ٥٠٠ هەزار کەس بووە، بەڵام ١٤ میلیون نەفەر شوغڵی شایستەیان نیە. بەڵام سەرەڕای ئەمانە ژومارەی لاوانی بێکار لە ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەن کە کاربەدەستان و نیهادەکانی ڕژیم بڵاوی دەکەنەوە.
واقعیەت ئەوەیە کە جمهوری ئیسلامی لەگەڵ قەیران و بوحرانەکانی ڕوو لە زیاد بوون و قووڵ بوونەوەی هەرچی زیاتری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرو روە. سەرەڕای ئامارە جەعلی و ئیدیعا درۆینەکانی ڕەئیسی جەللاد لە پەیوەند لە گەڵ دۆزینەوەی شوغڵی تازە، یان ناو لێ نانی بێ ناوەرۆکی “ساڵی ئیشتغاڵ” و چی و چی لە لایەن خامەنەیەوە، جمهوری ئیسلامی لە پێکهێنانی هەرچەشنە شوغڵێک بە مەبەستی کەم کردنەوەی بێکاری عاجز و ناتەوانە. لە هەل و مەرجێکدا کە نرخی تەوەروم تەنیا لە نێوان مانگی گوڵان و جۆزەردانی ئەمساڵدا، دوازدە و دوودەهوم لە سەد زیادی کردوە و بە قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری رژیم لەم ساڵانەی دوایدا قودرەتی خرێدی کرێکاران و توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا پەیتاپەیتا کەم بۆتەوە، لە هەل و مەرجێکدا کە چوونە سەرەوەی قیمەتی خانوو بەرە و کرێ خانوو ژیان و گوزەرانی لاوانی بە شیوەیەکی جیدی خستۆتە مەترسیەوە، ناتوانین چاوەڕوانی داهاتویەکی هیوا بەخش بۆ لاوانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی ئیسلامی سەرمایە بین. تەنیا دەرفەتێکی شوغڵی کە جمهوری ئیسلامی بۆ لاوانی پێکهێناوە کەڵک وەرگرتن لەوان بۆ ئورگانە ئەمنیەتی و نیزامی و شوغلی ئەنگەلیەکانی لە دەم و دەزگا دوور ودرێژەکانی خورافەی مەزهەبی دایە کە نەتەنیا هێچ دەورێک لە بەرهەم هینانی کۆمەڵایەتیدا ناگێڕن بەڵکو کۆسپێکیشن لە بەرانبەریدا. حاکمانی جمهوری ئیسلامی لە پێش هەموویانەوە خامەنەیی لە وەها هەل و مەرجێکدا و بۆ درێژەی دەسەڵاتی خۆی لەو پەڕی بێ شەرمیدا باس لە پێویستی زیاد کردنی نفووسی ئێران تا دوو هێندە دەکا و ئەوەی بە بناخەی سیاسەت داڕشتنی خۆی لە تەرخان کردنی بوودجەی کۆمەڵایەتی داناوە و قەوانینی دژی ئینسانی بۆ قەدەغە کردنی ڕێگری لە مناڵ بوون دەر دەکا و بە بۆق و کەڕەنا باس لەوە دەکات کە ئومەتی ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی دەبی نفووسی زیاتر بێت . ئیتر بۆ ئەو هیچ گرینگ نیە کە مناڵان و لاوان و سەرتاپای کۆمەڵگا تووشی چ فەقر و هەژاریەک دەبن، بۆ ئەوان هیچ گرینگ نیە چونکە دەست و پێوەندەکانیان نە تەنیا هیچ موشکڵێکیان لە بەڕێوە بردنی ژیاندا نیە، بەڵکە بەو سەروەت و سامانەی کۆمەڵگا کە دەبوا تەرخانی لاوانی عاسی و بێکار کرابایە، لە ژیانێکی ئەعیانی و ناز و نیعمەت بەهرەمەندن. لە بەرانبەر ئەم وەزعیەتەدا ئاسۆ و داهاتووی لاوان ڕۆژ لە گەڵ رۆژ لێڵ و لێڵتر دەبێ و زۆربەی ئەوانە تەنانەت ئەو کەسانەش کە خوێنەواری باڵایان تەواو کردوە، سەرگەردان و ناهومێد نەک هەر بێر لە پێکهێنانی خانەوادە ناکەنەوە، بەڵکە تەنیا بۆ زیندوو مانەوە ناچارن مل بە شوغڵی کازب و پڕ لە مەترسی بە داهاتی کەمەوە، وەک کۆڵبەری و سوختبەری و دەست فرۆشی و ئەو جۆر کارانە بدەن.
بێ هیچ شک و گومانێک درێژەی ئەو وەزعە نە تەنیا هێج شور و شەوق و خەڵاقیەت و گەشەی تواناییەکان ناخوڵقێنێ، بەڵکە تەواوی کۆمەڵگاش تووشی هەر جۆرە سەدەمەییەکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی دەکات و سڵامەتی کۆمەڵگا لە گەڵ مەترسیەکی جیدی بەرە و ڕو دەکات. بەڵام ئەو بارودۆخە ناتوانی چارەنووسی حەتمی لاوان بێت. گەشەی ئیعتراز و مانگرتنەکانی کرێکاران و هاوکات بزووتنەوە ئیعترازیەکانی باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە درێژەی خۆیدا دەتوانێ جمهوری ئیسلامی بە ئەژنۆ دەر بێنی و سەرئەنجام بە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی کە کرێکاران و لاوانی تووڕە و عاسی لە حاکمیەتی ئیسلامی سەرمایە هێزی ئەسڵیەکەیەتی، ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیەی سەدەکانی ناوەڕاست دەخەنە زبڵدانی مێژوەوە و کۆمەڵگە لە وجودی نەحس و نگریسی ڕزگار دەکەن و دەسەلاتی شوورایی لە جێگای دادەمەزرێنن. ئەمە تەنیا ڕێگای رزگای نەسڵی گەنج و لاوی ئەمڕۆ و سبەینێی کۆمەڵگایە و هیچ ڕێگایەکیتر بوونی نیە.