فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی نوێی ژنکوژی لە ئێران، یاساکانی حکوومەتی ئیسلامی ئامرازی کوشتنی ژنان
سێشەممە ۲۵-۰۶-۱۴۰۴   |  16-09-2025

لە هاوینی ١٤٠٤دا بو جارێکی تر ڕوخساری خۆفناکی ستەم و توندوتیژیی ڕەگەزی لە ئێران دەرکەوت. ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە تەنیا لە سێ مانگی دووهەمی ئەمساڵدا لانیکەم ٣١ ژن بەدەستی پیاوانی بنەماڵە کوژراون. کۆی گشتیی ئاماری نیوەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٦٢ ژن. ئەم ئەرقامە تەنیا لووتکەی ئەم کێوەمان پێ نیشان دەدات. زۆرێک لە قەتڵەکان شاراوە دەمێننەوە و بەخاتری بێدەنگیی دەزگای قەزایی و میدیاکانی حکوومەت لە بیری خەڵکدا نامێنن. لە پشت ئەم ژمارانەوە، گەلێک ژیان و ئاوات لەناوچوون و زۆر منداڵ دەربەدەر و بێ سەرپەنا بوون. ئەم کوشتارە سیستماتیکە، مەسەلەیەکی تاکەکەسی یان فەرهەنگی نییە، بەڵکوو ڕیشەی لە پێکهاتەی چینایەتی، پیاوسالاری و نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزیی ڕژیمی ئیسلامیدایە.

دەزگای تەبلیغات و پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵ دەدات ژنکوژی بۆ ئاستی “تاوانێکی بنەماڵەیی” دابەزێنێت. شەڕێکی خسووسی لە نێوان ژن و پیاودا، ناکۆکییەکی شەخسی کە بە تراژێدی کۆتایی دێت. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە ژنکوژی قێزەونترین شێوەی توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان. هۆکاری کوشتنی ژنان نەک “تووڕەییەکی لەناکاو” بەڵکوو ئەو موناسباتە کۆمەڵایەتییەیە کە خاوەنداریەتی بەسەر جەستە و ژیانی ژندا سەپاندووە، ئەو یاسا و فەرهەنگە ئیسلامییەیە کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپاوە.

لە کۆمەڵگای چینایەتیدا، ژنان بەردەوام وەک “مڵک”ی پیاو پێنانە کراون. چ لە چواچێوەی باوک سالاریی قەبیلەییدا، چ لە خاوەنداریەتی کۆیلەداری و فێئۆدالیدا، وە چ لە بنەماڵە بورژواییەکانی ئەمڕۆدا. ئەوەیکە پێی دەوترێ “قەتڵی نامووسی”، شتێک نییە بێجگەلە سەپاندنی حەقی خاوەنداریەتی پیاو بەسەر “نامووسەکەیدا”. ستەمی جنسییەتی بەشێکی دانەبڕاوە لە خاوەنداریەتیی تایبەت و دابەشبوونی کۆمەڵگا بە چینەکان.

بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ژنکوژی تەنیا تاوانێکی تاکەکەسی نییە. بەڵکوو تاوانێکی دەوڵەتی و ڕێکخراوە. یاساکانی حکوومەت ئامرازی دەستی پیاوان بۆ کوشتنی ژنانن. ڕژیم بە سەرکوتی ژنان نەتەنیا لە پایەیەکی دەسەڵاتەکەی خۆی دیفاع دەکات، بەڵکوو لە بارودۆخی قەیرانی ئابووری و سیاسیی ئێستادا بە پشت بەستن بە بنەماڵەی باوک سالار، هێزی کاری هەرزان و ژێردەست بەرهەم دێنێتەوە. کەوابوو ژنکوژی “لادان” لە یاسا نییە بەڵکوو دەرئەنجام و ئاکامی ڕاستەوخۆی یاسایە.

ئەم ئامارە دڵتەزێنەی کوشتاری ژنان، واتە کوژرانی ٦٢ ژن لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا، پێویستە لەسەر بەستێنی قەیرانی بەرینی کۆمەڵایەتی و ئابووری چاوی لێبکرێت. گرانی، بێکاری، هەژاری، ئیعتیاد و سەرکوتی سیاسی چوارچێوەی بنەماڵەیان کردووەتە ناوەندی توندوتیژی. پیاوێک کە خۆی لەژێر فشاری نەزمی چینایەتی و چەوساندنەوەی ئابووریدایە، توندوتیژی بۆ لاوازترین ئاڵقە واتە ژنان و منداڵان دەگوازرێتەوە. بەڵام ئەم گواستنەوەیەی توندوتیژی، سرووشتی و ئاسایی نییە. بەڵکوو بەهۆکاری پێکهاتەی خاوەنداریەتی، یاسای پڕ لە هەڵاواردن و ئیدئۆلۆژیی فەرمیی ئیسلامی سیاسییە.

ڕەوتە لیبڕاڵ و ڕێفۆڕمخوازەکانی حکوومەت هەوڵ دەدەن ئەم مەسەلەیە لە چوارچێوەی پەروەردە، گۆڕینی یاسا یان گۆڕینی فەرهەنگدا سنووردار بکەنەوە. ئەوان قەتڵی نامووسی بۆ سوننەتی دواکەوتووانە یان نەبوونی ئاگاهی دەگەڕێننەوە. بەڵام تا موناسباتی چینایەتی و دەسەڵاتی سەرمایەداری و پیاوسالاری بەردەوام بێت و یاساکانی حکوومەت شەرعیەت بە پیاوسالاری بدەن، ڕەگ و ڕیشەی ژنکوژی بنبڕ نابێت. ئەزموونی وڵاتانی جۆراوجۆر نیشانی داوە کە سەرمایەداری تەنانەت لە فۆرمی “دیموکراسی”شدا پێویستی بە بەرهەمهێنانەوەی پیاوسالاری هەیە.

خەبات لەدژی ژنکوژی لە خەبات لەدژی گشت نیزامی سەرمایەداری – ئیسلامی جیا ناکرێتەوە. ژنکوژی، خۆکوژی، و قەتڵی نامووسی، ئاڵقەکانی زنجیری سوڵتەی دینی، چنایەتی و جنسییەتین. لەم کارەساتە دڵتەزێنانەدا تەنیا ئەو پیاوەی کە بە زەربەی چەقۆ خوشک، هاوسەر یان کچی خۆی خەڵتانی خوێن دەکات تاوانبار نییە. بەڵکوو کلتووری دواکەوتووی دینی و نەریتی پرتووکاوی پیاوسالاری، کە ئەمجۆرە جنایەتانە دەخوڵقێنن، ئەو پێکهاتە چینایەتی، سیاسی و ئیدئولۆژیک و یاسایانەی کە دەزگای قەزایی مەئموور دەکات ئەم تاوان و کوشتنانە لەژێرناوی دیفاع لە نامووس پاساو بکات یان سزاکەی کەم بکاتەوە، هەر هەموویان هۆکار و تاوانبارن.

کەوابوو هەتا کاتێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەڕووخێندرێت، پێکهاتەی ئابووریی سەرمایەداری نەگۆڕدرێن، وە کۆمەڵگایەکی ئازاد بە ئابوورییەک کە لەسەر بنەمای یەکسانی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ و لەسەر پێکەوەبوون و هاوکاری دانەمەزرابێت، توندوتیژی بەردەوام بەرهەم دەبێتەوە. لە نیزامی ئیسلامیدا توندوتیژی لەدژی ژنان نهادینە کراوە و بە دەزگای قەزایی و دەزگای پۆلیس و لەشکری گەورەی بەکرێگیراوان پارێزگاری لێدەکرێت. کەوابوو لە خەبات دژبە توندوتیژی و قەتڵی نامووسی وەک قیزەونترین شێوازی، دەبێ بەر لە کاری فەرهەنگی لەدژی پیاوسالاری و بەر لە نەسیحەت کردنی پیاوان، دەوڵەت و یاسا و نیزامی ئاپارتایدی جنسی و توندوتیژیی ڕێکخراوی حکوومەت بکرێتە نیشانە. دەبێ هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاسایەکی دژەژن و بەرابەریی تەواوی ژن و پیاو وەک ڕێگایەکی ئەساسی بخرێتە دەستووری کاری کۆمەڵگاوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv