فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی کوشتاری بەندکراوان ناتوانێ خەڵک چاوترسێن بکات
پێنجشەممە ۲۸-۰۲-۱۴۰۲   |  18-05-2023

ماشێنی کوشتاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەورەی دەوڵەتی ڕەئیسی و لە جەرگەی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا خێراتر بووەتەوە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خوێنڕێژانی ڕژیم، بێ پەروا و بێ ئیعتنا بە تووڕەیی و ئیعتڕازی خەڵک و کاردانەوەی بیروڕای گشتی، تۆمەتباران لە زیندانەکاندا ئیعدام دەکەن و فشارەکانیان لەسەر زیندانیانی سیاسی توندتر کردووەتەوە. دوای ئەوەیکە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گوڵان، یوسف مێهرداد و سەید سەدروڵڵا فازڵی زارع، بەتۆمەتی تەوهین بە پێغەمبەر و موقەدەساتی ئیسلام لە زیندانی ئەراک ئێعدام کران و لە هەمان ڕۆژدا حوکمی ئێعدامی چوار زیندانی بە تۆمەتی مەوادی موخەدر و قەتڵ لە زیندانەکانی عادڵ ئابادی شیراز، زاهیدان و ئیسفەهان ئیجرا کرا، شەپۆلی ئێعدامەکان هەروا بەردەوامە. لەئێستادا سێ کەس لە دەستگیرکراوانی ئیعتڕازاتی مانگەکانی ڕابردوو، مەجید کازمی، سەعید یەعقوبی و ساڵح میرهاشمی مەترسیی ئێعدامیان لەسەر و سەرەڕای تووڕەیی و ئیعتڕازی خەڵکی ئیسفەهان دژبە ئەحکامی ئێعدامی ئەم زیندانیانە، دەزگای قەزایی ڕژیم لەسەر جێبەجێکردنی حوکمەکانیان پێداگری دەکات. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دەزگای قەزایی ڕژیم کە لەژێر نفوزی سپای پاسداران و لە هەماهەنگیی کامڵ لەگەڵ دەوڵەتی ڕەئیسی دایە، تەنیا لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧٠ زیندانیی بەتۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، افساد فی الارض و سب النبی و قەتڵ، لە زیندانەکاندا ئێعدام کردووە.

سزای ئێعدام وەک قەتڵی عەمدی دەوڵەتی و جەنایەتێکی سازماندراو هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیم بووە بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەگەڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و خەڵتانی خوێنکردنی هەر ئیعتڕاز و دەنگێکی ئازادیخوازانە، سزای ئێعدامی وەک توندوتیژییەکی ئاگاهانە و ڕێکخراو بۆ لەناوبردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازییانی کۆمەڵایەتی و قوربانییانی هەر ئەم نیزامە زاڵمانەیەی سەرمایەداری بەکارهێناوە. بەڵام ئەمجارەیان سەرانی ڕژیم بەئاشکرا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئەم ئێعدامانەیان وەڕێخستووە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر ئێستا سەدان کەسی لەناو ژوورەکانی مەرگدا لە چاوەڕوانیی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا ڕاگرتووە. ئەگەرچی ڕژیم ئێعدامی ئەم بەندکراوانە بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەری ئاستی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئیجرای عەداڵەت ئەنجام دەدات، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا لەڕێگەی شەپولی کوشتاری زیندانیان بەشوێن ئامانجی سیاسیی دیاریکراوەیە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر ژنانی بێ حیجابدا شکستی خواردووە، بە هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان نەیتوانیوە پاشەکشە بە ژنان بکات، لە بەرابەر ئیعتڕازات و مانگرتن و داخوازیی ڕەوای موعەلیمان، خانەنشیان و کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی بێتوانا و دەرماندەیە. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم باری قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و فشاری تەحریمەکانی خستووەتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا و بێ مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرینی بەسەردا سەپاندوون و لە حاڵێکدا کە دەزگای ڕووحانیەت و ئیدئۆلۆژیی ڕژیم بۆ مەشروعیەت بەخشین بەم هەمووە هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییە گەیشتووەتە بنبەست، بۆ نەجاتدانی دەسەڵاتەکەی لە مەترسی تۆفانی شۆڕش، شەپۆلی کوشتاری زیندانییانی خستووەتە ڕێ.

بەڵام وەک چۆن خەڵکی ئێران زۆر جار تەجروبەیان کردووە، پەرەپێدانی گوشار و کردەوەی سەرکوتگەرانە و شەپۆلی ئێعدامەکان نەک نیشانەی هێز و دەسەڵات بەڵکوو لە ترس و وەحشەتی ڕژیم لەئاست ناڕەزایەتی و ئیعتڕازاتی خەڵک سەرچاوە دەگرێت. لەم ڕووەوە هەوڵی داماوانەی ئەم دوایانەی ڕژیم واتە کوشتاری زیندانیانی سیاسی ئاکامێکی بۆ ئەم دسەڵاتە نابێت و کرێکارانی ناڕازی و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوی ئێران چاوترسێن نابن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە شەپۆلی کوشتاری بەندکراوان ناتوانێ کۆمەڵگا بۆ قۆناغی بەرلە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بگەڕێنێتەوە. درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، شکستی تەهاجومی ڕژیم بۆسەر ژنانی بێ حیجاب، مانگرتنی کرێکاران و ئیعتڕازاتی موعەلیمان و خانەنشینان لە مانگی گوڵاندا سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەیە. ئەگەر پەرەپێدانی سەرکوت و شەپۆلی ئێعدامەکان بەشێوەی کاتی دامرکانی ئیعتڕازاتی خەیابانیی بەدواوە بووە، بەڵام زەمینە عەینییەکانی هەڵچوونی تووڕەیی جەماوەری پەرەپێداوە و سەرەنجام ناڕەزایەتیی جەماوەری لەئاستی ملیۆنیدا وەڕێ دەکەوێت و بە ڕووخاندنی کۆشکی زوڵم و ستەم و کوشتاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، زەمینە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگای ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو بە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوە فەراهەم دەبێت.

لە هەلومەرجی ئێستادا تەنیا بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیندانەکان لە سەرانسەری ئێران و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، دژبە سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانێ پاشەکشە بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بکات لە ئیدامەی ئیعدام و بەندکردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. خەباتی سەرکەوتووانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام و ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co