فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕخوازیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرائیل لە قۆناغی نوێدا
سێشەممە ۲۸-۰۱-۱۴۰۳   |  16-04-2024

بەدوای هەڕەشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دژی ئیسرائیل، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ڕێکەوتی ١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٤، سپای پاسداران و ئەرتەشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە سەدان درۆن و مووشەکی کرووز و بالستیک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان و سەرچاوەکانی ئاگادار لە ناوچەکە زۆربەی هەرەزۆری ئەم مووشەک و درۆنانە بەر لەوەیکە بگەنە ئاسمانی ئیسرائیل لە لایەن سیستمی بەرگری و فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەمریکا و سیستمی بەرگریی بریتانیا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە خراونەتە خوارەوە. بەگوێڕەی ڕاپۆرتی سرویسەکانی فریاگوزاریی ئیسرائیل هەتا ئێستا بەهۆی ئەم هێرشانەوە تەنیا کچێکی تەمەن دە ساڵ بەهۆی “بەرکەوتنی تەرکەش”ەوە بریندار بووە. ئەم هێرشە بەرینە مووشەکی و درۆنییە بۆسەر ئیسرائیل و بەردانەوەی یەک لە دوای یەکی ئەم مووشەک و درۆنانە و هەراوهەنگامەی تەبلیغاتی، هەر هەمووی بەشێک لە سێناریۆیەکی لە پێشترەوە بەڕنامەڕێژکراو بووە کە سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەکانی سپا لەڕێگەی وتووێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بەڕێکەوتن گەیشتوون. ئامادەباشی تەواوی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریکا و بریتانیا بۆ بەردانەوەی درۆن و مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێک لەم سێناریۆیە بوو. دوای کوژرانی حەوت فەرماندەکەی سپای پاسداران لە کۆنسوولخانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، دوو هەفتە “سەبری ستراتێژیک” پێویست بوو تا هەیئەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی وتووێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم سێناریۆیە بەڕێکەوتن بگەن و ئیسرائیلیش ڕازی بکەن. ئەمجۆرە سێناریۆیانە یەکەم جار نییە کە بەڕێوە دەچێت. دوای کوژرانی قاسم سولەیمانیش هێزەکانی ئەمریکای نیشتەجێ لە عێراق بە ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پایەگای نیزامیی عەینولئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار بۆ چەند کاتژمێر چۆڵ کرد تا سپای پاسداران بە مووشەکبارانکردنی ئەم پایەگا چۆڵکراوە، داماوی و زەلیلیی خۆی لەئاست تیرۆری فەرماندەکانی سپای قۆدس و حەشدی شەعبی داپۆشێ.

بەڵام بە هەمووی ئەمانەشەوە پێویستە مەترسیی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بە جیددی وەربگیرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە شەڕێکی نیابەتیی لەگەڵ ئیسرائیل بەڕێوە دەبات. ئەم ڕژیمە لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە بەشێوەیەکی فریوکارانە و بە تەرخانکردنی هەزینەی زۆر، مەسەلەی فەلەستینی لەڕاستای ئامانجی سیاسی و ناوچەیی خۆی بەکار هێناوە. خومەینی لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا دروشمی کۆنەپەرستانەی “ڕێگای قۆدس لە کەربەلاوە تێدەپەڕێ” هێناگۆڕی. ئەم دروشمە کە بە ئامانجی ڕاکێشانی بیروڕای گشتیی دنیای عەرەب گەڵاڵە کرا لە ڕاستیدا ستراتێژی ڕژیمی ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لە ناوەندی قەیراناویی فەلەستین لەڕێگەی بەهێزکردنی گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان بوو. لە هەموو ئەم ساڵانەدا ڕێکخراوی ئیسلامیی حەماس یارمەتیی نیزامی و دارایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی پێ گەیشتووە. سازمانی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە فەلەستین دامەزرا و ڕاهێنانی پێکرا. ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٠ ڕێکخراوی سیاسی – سەربازیی حیزبوڵای لوبنانی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل و کاریگەری ئەمریکا و ڕۆژئاوا دامەزراند. لە عێراقیشدا بە پێکهێنان و پاڵپشتیکردنی گرووپە سیاسی و سەربازییە شیعەکانی عێراق وەک ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق یان سپای بەدر هەوڵیدا ئاسانکاری و پێداویستییەکانی دەستێوەردانەکانی داهاتووی خۆی لەم وڵاتەدا دابین بکات. هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق و ڕووخانی سەدام حسێن و سەرهەڵدانی شیعەکان لە حکوومەتدا، ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی بۆ بەدواداچوونی پلانەکانی خستە دۆخێکی باشترەوە. لە درێژەی دەستێوەردانەکانی لە عێراق، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخستنی میلیشیای سەربازی حەشدی شەعبی ئامادەیی سەربازی خۆی مسۆگەر کرد و بە هاوکاری ئەو گرووپە ئیسلامییانە، لە کاتی قەیران و شەڕی سووریە، میلیشیایەکی تایبەتی خۆی لەم ناوەندە قەیراناوییەدا پێکهێنا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە یەکەم ڕۆژەوە بەردەوام دروشمی لەناوچوونی ئیسرائیلی وتووەتەوە و دژایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکای کردووەتە بەشێک لە ناسنامەی سیاسی خۆی، بە درێژایی ئەم ساڵانە شەڕی نیابەتیی لە دژی حکوومەتی ئیسرائیل بەڕێوە بردووە. سیاسەتی دەستێوەردانی نیزامیی ڕژیمی ئیسلامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە و شەڕی نیابەتی لەگەڵ ئیسرائیل کە دەمێکە بە ناڕەزایەتیی جەماوەری لە لۆبنان دژبە سیاسەتەکانی حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی و بە ناڕەزایەتیی جەماوەری دژی دەخاڵەتگەریی ڕژیم لە عێراق تووشی شکست بووە، لەئێستادا کۆتایی هاتووە. درێژەدان بەم سیاسەتانە لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە جگە لە پەرەپێدانی شەڕ لە ناوچەکە هیچ مانایەکی دیکەی نییە.

دەوڵەتی ئیسرائیل کە دوای شەش مانگ شەڕ و تاوان لە غەززە بە ئامانجە نیزامییەکانی واتە لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بەدیلگیراوان نەگەیشتووە، لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا زیاتر ڕیسوا و گۆشەگیر بووە و لە ناوخۆش ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی توند بووەتەوە، زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە پەرەپێدانی شەڕە. دەوڵەتی ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆسەر کۆنسوولخانەی ڕژیم لە دیمەشق بەکردەوە نیشانی دا کە دەیهەوێ بە ڕاکێشانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەو مەیدانی شەڕی ڕاستەوخۆ، دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ بێنێتە ناو شەڕێکی ناوچەییەوە. هەرچەندە حکوومەتی ئەمریکا و ناتۆ لەم جینۆسایدەدا هاودەستی حکوومەتی ئیسرائیلن، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا پەرەسەندنی شەڕ هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان نابینن. بەڵام بەم حاڵەشەوە گاردێکی قایمیان لە بەرابەر شەڕخوازیی ئەم هاوپەیمانە ناوچەیی و ستراتێژیکەدا نییە.

واقعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیش لەبواری سیاسی و ئابووری و ناوخۆییەوە لە بنبەست و قەیرانی قووڵدا گرفتارە. کرێکاران و بەش مەینەتان و جەماوەری وەگیانهاتوو لە بارودۆخی ئێستا لە ناوخۆی ئێران دەمێکە شەڕێکی چارەنووسسازیان لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستپێکردووە. ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی مەیدانەکانی ئەم شەڕە بوون کە پایەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان خستووەتە لەرزە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پشتی جەبهەیەکی ئەمنی نییە و ئەگەر بچێتە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلەوە، بێگومان بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە نەتەنیا بە شەڕخوازیی ڕژیمی ئیسلامی چاوترسێن نابن، بەڵکوو خەباتی خۆیان هەتا ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران گەشە پێدەدەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی لە بارودۆخی ئێستادا پەرەپێدانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل لەڕاستای بەرژوەند و مانەوەی نیزامی ئیسلامیدا نابینێت، بەڵام بە ئیدامەی ماجەراجویی و دەستێوەردانی نیزامی و بە درێژەدانی شەڕی نیابەتی لەگەڵ ئیسرائیل بەئاشکرا و بەکردەوە کۆمەک بە داگیرساندنی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوچەیی دەکات.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لە بەرامبەر ئەم دوو بەرە کۆنەپەرست و سەرمایەدارییەدا، لە بەرامبەر شەڕخوازیی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لە بەرامبەر ئەو بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی کە چاوی هیوایان لەم کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیە و لە دەخاڵەتی دەسەڵاتە دەرەکییان بڕیوە، ڕێگایەکیان بێجگەلە درێژە و پەرەپێدانی خەباتی خۆیان و فەراهەم کردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نییە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدە بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئاسۆیەکی گەش بەڕووی کۆمەڵگای ئێراندا دەکەنەوە، بەڵکوو خەڵکی ناوچەکەش لە چنگ کۆماری ئیسلامی ڕزگار دەکەن. کۆمۆنیستەکان پێویستە بە ڕۆشنگەری سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی شەڕ و کێشمەکێشی نێوان ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرائیل ئەم ئاسۆیە بەهێز بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە