فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕی ئەمریکا، دەرفەتێک بۆ توندترکردنەوەی شەڕی دژ بە کۆمەڵگە
شەممە ۳۱-۰۵-۱۴۰۵   |  22-08-2026

لەم ڕۆژانەی دواییدا، مەجلیسی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک بڕیار و یاسای نوێی لە بارودۆخێکدا پەسەند کردووە کە ڕژێم بە بیانووی «دۆخی شەڕ» پاساویان بۆ دەهێنێتەوە. ئەم یاسایانە، پانتایی کۆتوبەندە ئەمنییەکان بۆ ناو بوارەکانی وەک هاوکارییە زانستی و زانکۆییەکان، بەڕێوەبردنی هەندێک چالاکیی پەروەردەیی، پەیوەندی لەگەڵ میدیا دەرەکییەکان و چالاکییە فەرهەنگی و هونەرییەکان پەلکێش دەکات و بۆ هەندێک لەم بوارانەش سزای قورسی دیاری کردووە. نێوەڕۆکی سیاسیی ئەم بڕیارانە ڕوون و ئاشکرایە؛ ڕژێم تێدەکۆشێت هەلی تایبەتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا بکاتە ئامرازێک بۆ هەرچی زیاتر سنووردارکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بوارانەی کە ئەگەری سەرهەڵدانی هزر و بیرکردنەوەی سەربەخۆ، ئاڵوگۆڕی ئازادانەی زانیاری و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتییان تێدایە. بۆ تێگەیشتن لە مانا و جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم سیاسەتە، دەبێت لە دەقی یاساکان تێپەڕین و پەیوەندیی نێوان قەیران، دەوڵەت و پەیوەندییە چینایەتییە زاڵەکان بەسەر کۆمەڵگەدا بخەینە ژێر شیکاری و لێکۆڵینەوە.

لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، قەیران هەرگیز تەنیا دۆخێکی ئاوارتە و تێپەڕ نەبووە. کۆماری ئیسلامی هەر خۆی لەگەڵ قەیراندا لەدایک بووە. شەڕ، قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، دەستێوەردانە سەربازییەکان و هەڕەشە دەرەکییەکان، هەریەکەیان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بوونەتە زەمینەیەک بۆ پەرەپێدانی هەژموون و کۆنتڕۆڵی سەرمایەداریی ئیسلامی. ئەمجارەشیان «دۆخی شەڕ» وەک پەردەپۆشێک بۆ سنووردارکردنی پانتاییەکی زیاتری ژیانی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت. مەسەلەکە ئەوەیە کە چ هێزێک ئەم هەلومەرجە بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆی و زەوتکردنی مافەکانی چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگە دەقۆزێتەوە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەرژەوەندییە چینایەتییە دژبەیەکەکان بوونیان هەیە، دەوڵەت یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی پاراستنی نەزمی زاڵ. هەر لەبەر ئەمەشە، کاتێک قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان ململانێ و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکەنەوە و ناڕەزایەتییەکان لە خوارەوەڕا پەرە دەستێنن، دامودەزگای دەوڵەتی زیاتر لە جاران بەرەو کۆنتڕۆڵ و سەرکوت هەنگاو دەنێت. بڕیارەکانی ئەم دواییەی مەجلیسی ئیسلامیش دەبێت هەر لەم بەستێنەدا ببینرێن. ئەوانە وەڵامێکی ئەمنین بەو ململانێ و ناکۆکییانەی کە ڕیشەیان لە پێکهاتەی ئابووری و سیاسیی کۆمەڵگەدایە.

قورسایی سەرەکیی قەیرانەکانی ئێستا کەوتووەتە سەر شانی زۆرینەی خەڵک. کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرەوڕووی دابەزینی توانای کڕین، نائەمنیی کار و گوشاری ئابوورین؛ ژنان و لاوان لەگەڵ کۆتوبەندی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەستەویەخەن؛ و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەش لە بەرامبەر داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و قووڵبوونەوەی نایەکسانیدا ماونەتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، ڕژێم لەبری ئەوەی وەڵام بە داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان بداتەوە، پانتاییەکی زیاتری ژیانی گشتی بەئەمنی (میلیتاریزە) دەکات. کەواتە، نابێت سەرکوتکردنی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵایەتی، لێک جیا بکرێتەوە لەو گوشارانەی کە دەخرێنە سەر چینی کرێکار و توێژە چەوساوەکانی دیکە. ئەمانە دیوە جیاوازەکانی یەک سیاسەتی هاوبەشن؛ ئەویش پاراستنی پەیوەندییە زاڵەکانە لە ڕێگەی گواستنەوەی باجی قەیرانەکە بۆ سەر شانی کۆمەڵگە و بەرتەسککردنەوەی ئەگەری بەرخۆدانی ڕێکخراو. سنووردارکردنی هاوکارییە زانستی و زانکۆییەکان لەگەڵ ناوەندەکانی دەرەوەی وڵات، نموونەیەکی ئاشکرای ئەم سیاسەتەیە.

کۆمەڵگەی زانستی بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن پێویستی بە پەیوەندی، ئاڵوگۆڕی زانست و هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە. زانکۆکان شوێنی سەرەکین بۆ بیرکردنەوەی ئازاد و داهێنانی زانستی. ئەگەر پرسە زانستی و فیکرییەکان بگۆڕین بۆ کێشەی ئەمنی، ئەوا زانکۆ لە ناوەڕۆکی بنەڕەتیی خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە و سەربەخۆیی فیکری لەدەست دەدات. لە گۆڕەپانی فەرهەنگ و هونەریشدا، کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمە فەرهەنگییەکان و سەرکوتکردنی ئەو بەرهەمانەی کە گێڕانەوەی فەرمیی ڕژێمی ئیسلامی دەخەنە ژێر پرسیارەوە، هەوڵێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی وێناکردنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی. ڕژێم نایەوێت تەنیا چالاکییە سیاسییە ڕێکخراوەکان کۆنتڕۆڵ بکات؛ بەڵکوو دەیەوێت خودی دەرفەتی سەرهەڵدانی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە بەرامبەر بە کۆمەڵگەش سنووردار بکات. هەمان لۆژیک لە بواری پەروەردە و میدیاشدا پەیڕەو دەکرێت. پەروەردەی سەربەخۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گواستنەوەی ئەزموون، داڕشتنی ئاگایی ڕەخنەگرانە و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. میدیای سەربەخۆش دەتوانێت ئەو ڕاستییانە ئاشکرا بکات کە دەزگای فەرمیی دەسەڵات هەوڵی شاردنەوەیان دەدات. لەم ڕوانگەیەوە، بەئەمنیکردنی پەروەردە و پەیوەندییە میدیاییەکان دەبێت وەک بەشێک لە ستراتیژی ڕژێمی ئیسلامی بۆ توندترکردنی سەرکوت و پێشگرتن لە سەرهەڵدانی توانست و پوتانسیێلە سەربەخۆ کۆمەڵایەتییەکان لە قەڵەم بدرێت.

لەو سۆنگەیەوە، بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین، بەرگری لە مافی پەروەردە و ئازادیی چالاکیی زانستی و فەرهەنگی، لە خەباتی کرێکاران بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کار و ژیان و مافی خۆڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوەکان، جیاواز نییە. خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ کرێکاران و چینە چەوساوەکان، لە خەباتی دژ بە چەوساندنەوە، نایەکسانی و ستەمی چینایەتی دانەبڕاوە. هەروەک چۆن خەباتی چینایەتی بەبێ ئازادیی سیاسی و دەرفەتی خۆڕێکخستنی سەربەخۆ ناتوانێت بەرەوپێش بچێت، بەرگریکردن لە ئازادیش بەبێ خەبات دژی ئەو پەیوەندییە ئابووری و چینایەتییانەی کە ئەم ئازادییانە بەرتەسک دەکەنەوە، بۆ ئاستی ڕیفۆرم و چاکسازیی ڕووکەش کورت دەکرێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە، خەبات دژی ستراتیژیی توندترکردنەوەی سەرکوتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، دەبێت گرێ بدرێت بە خەباتی کرێکاران، ژنان، لاوان، خوێندکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە لەپێناو ڕزگاربوون لە پەیوەندییەکانی چەوساندنەوە و هەژموونگەری. تەنیا لە ڕێگەی وەها گرێدان و یەکگرتووییەکەوەیە کە بەرخۆدان لە بەرامبەر سەرکوتدا دەتوانێت لە کاردانەوەیەکی پەرتەوازە تێپەڕێت و ببێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv