
زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر دەستپێکی شەڕی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە تێدەپەڕێت. بە تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێک، کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم شەڕە لەسەر کار، ژیان، بژێوی و ئاسایشی جەماوەر زیاتر دەردەکەون. لە ڕەوتی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر هەزاران ئامانج لە ئێران، جگە لە ناوەندە سەربازی و حکومییەکان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، کۆگاکانی وزە، گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان و ئەو ژێرخانانەی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، بۆردومان کراون. لە ئاکامی ئەم شەڕەدا تا ئێستا لە ئێران و لوبنان هەزاران کەس کوژراو و بریندار بوون و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون. هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیش بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل سەدان کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.
کۆماری ئیسلامی کە لە بەرامبەر باڵادەستیی ئاشکرای هێزی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا وەستاوەتەوە، پەنای بردووەتە بەر تاکتیکی شەڕی ناهاوسەنگ (نامتقارن) و لە بەرامبەردا، جگە لە ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەی کەنداو، دامەزراوەکانی نەوت و گاز و ئەو کەشتییانەی هەڵگری نەوت و کاڵا بازرگانییەکانن کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی. گەرووی هورمزی داخستووە کە لەسەدا ٢٠ی نەوت و گازی پێویستی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، تاوەکو لەم ڕێگەیەوە تێچووی ئابووریی شەڕەکە بۆ ئەمریکا بەرز بکاتەوە و بیکاتە ئامرازێکی گوشاری سیاسی لەسەر ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ئەم شەڕە لە کاتێکدا پەرەی سەندووە و بووەتە شەڕێکی ناوچەیی بە دەرهاویشتەی جیهانییەوە، کە هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتاییهاتنی لە ئارادا نییە. یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕوونی لە چارەنووسی ئەم شەڕەدا ئەوەیە کە دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا کە هەڵگیرسێنەری شەڕەکەن، تێڕوانینێکی یەکگرتوویان بۆ واتای سەرکەوتنی سیاسی لەم شەڕەدا نییە. ئامانجی دەوڵەتی ئیسرائیل لەم شەڕەدا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە و دەیەوێت بەو دەرفەتەی کە بەهۆی هاودەنگیی ئەمریکاوە بۆی ڕەخساوە، ئێران بکاتە وێرانەیەکی وەک سووریا، بەڵام ڕوونە کە لە شیکاریی کۆتاییدا پەیڕەوی لە ئەمریکا دەکات. ترامپ بەردەوام لێدوانی دژبەیەک دەدات. ڕۆژێک ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی «لەناوبردنی مووشەکەکانی ڕژیمی ئێران»، «تێکشکاندنی هێزی دەریاییەکەی» و «داماڵینی توانای ناوکیی ڕژیم» وەک ئامانجەکانی شەڕ ڕادەگەیەنێت. ڕۆژێکی دیکە باس لە لەناوبردنی ڕژیم دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کەس نەماوە دانوستانی لەگەڵدا بکات. لەم دواییانەشدا ڕایگەیاندووە کە: «ئەمریکا و ئێران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆی زۆر باش و بنیاتنەریان لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە و هێرش بۆ سەر وێستگەکانی وزە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دواخراوە». کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ گفتوگۆیەک لە ئارادا نەبووە. خودی ئەم پەیامە دژبەیەکانە و درۆسازییانە لە پاڵ پڕوپاگەندە و هەراوهوریای شەڕی دەروونیدا، دەریدەخەن کە هیچ جۆرە شەفافیەتێک سەبارەت بە ڕەوتی ڕاستەقینەی پێشهاتەکان بوونی نییە.
بەڵام دوای سەرۆککۆمار-ڕفاندنەکەی ترامپ لە ڤەنزوێلا و لە پشت ئەم قسە دژبەیەکانەوە، ئەوەی ڕوونە ئەم ڕاستییەیە: هێرش بۆ سەر ئێران کە بڕیار بوو یەکلاکەرەوەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا و زلهێزیی ترامپ لە ئاستی جیهاندا جێگیربکات، لە کرداردا لاوازی و سنوورداربوونی هێزەکەی ئەمریکای زیاتر دەرخست. ئەم شەڕە سەرلێشێواویی ستراتیژیی دەوڵەتی ترامپ نیشان دەدات. بازنەی بڕیاردەران لە کۆشکی سپی بۆ کوشتنی خامنەیی کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان پێش خست، چونکە وایان دەخەمڵاند بە کوشتنی خامنەیی پێکهاتەی حکومەتی ئیسلامی هەرەس دەهێنێت، یان دەستبەجێ باڵێک یان مۆرەگەلێک لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا باڵادەست دەبن کە هەم زەرفییەتی تەسلیمبوون بە مەرجەکانی ئەمریکایان دەبێت و هەم توانای کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەیان هەیە. ئەم هەڵسەنگاندنە هەڵە دەرچوو. ئەمە تەنیا هەڵەیەک نییە لە حیساباتدا، بەڵکو دەلالەت لە سەرلێشێواوییەکی ستراتیژی دەکات. قابلی تەسەور نییە کە چۆن شەڕێک بەم قەبارەیە و بەم تێچووە قورسەوە دەست پێدەکەن، کەچی سەرەڕای ئەم هەموو داتایانە هیچ زانیارییەکیان لەسەر پێکهاتەی حکومەتی ئیسلامی لە ئێران نییە. یان لە کاتێکدا بۆ هەمووان پێشبینیکراو بوو کە کۆماری ئیسلامی شەڕەکە دەکاتە شەڕێکی ناوچەیی و بۆ چاودێرانی سیاسی ڕوون بوو کە لە بەرامبەر هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا پەنا دەباتە بەر تاکتیکی شەڕی ناهاوسەنگ، بەڵام ئەمریکا بە داخرانی گەرووی هورمز تووشی شۆک دەبێت و لە میانەی شەڕدا بۆ کردنەوەی گەرووەکە پەنا دەباتە بەر ناتۆ.
ئێستا کە ترامپ هەواڵی گفتوگۆی باش و بنیاتنەر دەدات، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ناوخۆ و دەرەوە کەوتووەتە ژێر گوشارەوە و بۆ هێورکردنەوەی بازاڕی نەوت و گازیش پێویستی بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە پشتڕاستنەکراوانە هەیە. هەر ڕۆژێک کە کۆماری ئیسلامی توانیبێتی بە سنووردارکردنی لێشاوی نەوت و گاز لە گەرووی هورمزەوە کاریگەری بخاتە سەر ئابووریی جیهان، ئەمریکا هەم دۆلار لەدەست دەدات و هەمیش متمانە و هەژموونەکەی زیاتر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. هەر ڕۆژێک کە کۆماری ئیسلامی توانیبێتی وڵاتانی ناوچەی کەنداو بکاتە ئامانج، ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لەم وڵاتانەدا مەرج نییە گەرەنتیی ئاسایش بێت و دەتوانێت سەرچاوەی ناسەقامگیری بێت.
لە کاتێکدا واتای سەرکەوتن لەم شەڕەدا هێشتا بۆ ئەمریکا لەناو تەمومژدایە، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی واتای سەرکەوتنی سیاسی لەم شەڕەدا، پاراستن و مانەوەی نیزامی ئیسلامییە؛ تەنانەت ئەگەر بە بەهای کوشتار، وێرانکاری و ئاوارەیی چەندین بەرابەر بێت. بۆ کۆماری ئیسلامی، ئەم شەڕە شەڕی مان و نەمانە.
ئەم شەڕە و ڕەوتی پێشهاتەکان بەرەو کوێ دەچن؟ لە کاتێکدا ترامپ هەم لە لایەن هاوپەیمانەکانییەوە لە ئاستی جیهان و ناوچەکە و هەم لە ناوخۆی ئەمریکاش کەوتووەتە ژێر گوشارەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاسۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و کۆتاییهێنان بە قەیرانی وزە و شڵەژانی بازاڕەکان، ئێستا یان دەبێت کوشتنی خامنەیی و چینێک لە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو گورزانەی تا ئێستا بەر ناوەندە سەربازی و ناوکییەکان، بنکە مووشەکییەکان و هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی کەوتوون وەک سەرکەوتن لە شەڕدا ڕابگەیەنێت و زەمینەسازی بۆ ئاگربەست و کۆتایی شەڕ بکات، یان بە بەردەوامی و چڕکردنەوەی بۆردومانەکان و گوشاری سەربازی، بەدوای وەرگرتنی باج و ئیمتیازی زیاترەوە بێت.
بۆ نموونە، لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا، گوشار بخاتە سەر حکومەتی ئیسلامی بۆ بردنەدەرەوەی ٤٥٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەرووی ٦٠% لە ئێران و ڕادەستکردنی بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، داخستنی یەکجاریی دامەزراوە و پڕۆژە ئەتۆمییەکان، سنووردارکردنی مەودای مووشەکە بالیستیکییەکان و …هتد، هەروەها دابینکردنی گەرەنتیی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا. لە ئەگەری ڕازی نەبوونی کۆماری ئیسلامی بەم مەرجانە، دوور نییە کە تەنانەت پلانی دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنی دوورگەی خارکیشی هەبێت، یان لانی کەم هەڕەشەی بارمتەگرتنی ئەم ناوەندە سەرەکییەی هەناردەی نەوتی ئێران وەک ئامرازێکی گوشار لەسەر مێزی دانوستانەکان دابنێت تاوەکو مەرجەکانی خۆی بەتەواوی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێت. بێگومان ئەم هەنگاوە ئەگەرییە هەرچەندە لە ڕووی سەربازییەوە دەستەبەرە، بەڵام مەترسیی درێژخایەنکردنی شەڕەکە، سەختیی پاراستنی و زیادبوونی زیانە گیانییەکانی هێزەکانی ئەمریکای لێ دەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، نابێت ئەگەری هێرش بۆ سەر خارک بە کەم دابندرێت، چونکە سەبارەت بە ترامپیش دەبێت کردارەکانی، نەک بانگەشە دژبەیەکەکانی، بکرێنە بنەمای حوکمدان و شیکاری. ئەو لە کاتێکدا باس لە دانوستانی باش و بنیاتنەر لەگەڵ «دانوستانکاری بەڕێزی ئێرانی» دەکات، هاوکات هەزاران مارێنزی (هێزی دەریایی) ڕەوانەی ناوچەکە کردووە. ناردنی ئەم هەزاران سەربازە لەگەڵ بانگەشەی «گفتوگۆی باش و قووڵ و بنیاتنەر لەگەڵ لایەنی ئێرانی»دا یەک ناگرێتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە و نەبوونی شەفافیەت لە ڕەوتی پێشهاتەکاندا، لەسەر بەستێنی درێژەی ئەم شەڕە وێرانکەرە و بۆردومانی بەردەوام، پێمان نیشان دەدات کە چینی کرێکار و جەماوەری ئێران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان کە پێش شەڕ لەژێر مەنگەنەی چڕبوونەوەی سەرکوت و هەژاری و فەلاکەتدا بوون، ئێستا لە چ پێگەیەکدان. شەڕ جگە لە کوشتار، وێرانکاری و ئاوارەیی، هەم سەرکوتی چڕتر کردووەتەوە و هەم بێکاری، گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووریی زیاتر پەرە پێداوە. کۆماری ئیسلامی هەروەک چۆن پێشتر خۆی بۆ ناوچەییکردنی شەڕەکە ئامادە کردبوو، بە هەمان شێوە خۆی بۆ توندکردنەوەی سەرکوت و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە لە سەردەمی شەڕدا ئامادە کردووە. ڕژیم بە بەرنامەداڕشتن بۆ نمایشی ڕۆژانەی هێزەکانی بەسیج و بەکرێگیراوەکانی خۆی لە شەقامەکانی شارە گەورەکاندا، دانانی بازگەی پشکنینی زۆر لە شارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک، بەردەوامیی ڕەشبگیرییەکان، درێژەدان بە ئێعدام بە بیانووی سیخوڕی بۆ دوژمن… کەشوهەوایەکی توندی ئەمنیی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان باس لە پچڕانی ئینتەرنێت، تەشەنەسەندنی بێکاری، گرانی و بەتایبەتی کەمبوونی و گرانبوونی دەرمان لەم دۆخە جەنگییەدا دەکەن. ئەم شەڕە، هەروەک پێشبینی دەکرا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی پەراوێز خستووە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چووەتە ژێر خۆڵەمێشی ئەم شەڕە، بەڵام نەکوژاوەتەوە. ئەم ڕاستییە سادانە بەڕوونی بێئەخلاقیی سیاسی و هەڵوێستی نامرۆڤانەی بەرگریکارانی هێرشی سەربازیی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ئیسرائیل، و هەروەها ماهییەتی کۆنەپەرستانەی هەڵوێستی چەپی میحوەر موقاومەتی کە شەڕانگێزیی کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە بەرخۆدان لە دژی هەژموونی سەرمایە و ئیمپریالیزم پێناسە دەکەن، ئاشکرا و شەرمەزار دەکات. لە وەها هەلومەرجێکدا، بێگومان ماهییەتی ستراتیژیی سیاسی و ئەرکی سۆسیالیستەکان کە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بریتییە لە دابینکردنی پێداویستییەکان و پەرەپێدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت، بەڵکو تەنیا هەلومەرجی پێشخستنی ئەم ستراتێژییە گۆڕاوە.
لە ئێستادا و تەنیا وەک نموونە دوو بۆ سێ ئەرکی هەنووکەیی دەخەینە ڕوو:
یەکەم: ئەم دۆخە جەنگییە لە چالاکانی سۆسیالیست و پێشەنگەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت گەنجانی گەڕەکەکان دەخوازێت کە لە هاوکاریکردنی یەکتردا لە ڕێگەی پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکەکان، فراوانکردنی تۆڕەکانی پەیوەندی، دروستکردنی کۆمیتەکانی هەرەوەزی، پێکهێنانی تیمەکانی فریاگوزاری و ناوەندە جەماوەرییەکان لە گەڕەکەکاندا، هەوڵ بدەن بۆ پتەوکردنی هاوپشتی لەنێوان جەماوەردا و کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە لەسەر ئاسایش و ژیان و بژێوییان. لەم بارودۆخە سەختەی شەڕدا، پاراستن و پەرەپێدانی هێزی هاوپشتی و پتەوکردنی لەناو خەڵکدا و زیندوو ڕاگرتنی هیوای گۆڕانکاری، ڕەمزی تێپەڕبوونە لە قۆناغی ئێستا.
دووەم: ئەرکێکی تری ئێستای هێزە سۆسیالیستەکان لە دەرەوەی وڵات، وێڕای ڕۆشنگەری سەبارەت بە ماهییەتی ڕاستەقینەی هەڵوێستی شەڕخوازانەی سەڵتەنەتتەڵەبەکان و بەشە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران بەرامبەر بەم شەڕە کۆنەپەرستانە و وێڕانکەرە، هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە و ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی گەورە لەژێر دروشمی «نا بۆ شەڕ، نا بۆ کۆماری ئیسلامی» بە هاوپشتی لەگەڵ هێزی چەپ و ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەب لەم وڵاتانە و بەهێزکردنی بزووتنەوەی دژە شەڕە.
سێیەم: هەوڵدانە بۆ پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری لە ناوخۆی ئێراندا لە ڕێگەی پێکەوەگرێدان و پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوەکان، ناوەندەکان، چالاکوانان و ڕێبەرانی بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و …هتد، کە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ کانوونەکانی ناڕەزایەتی و خەباتدا هەیە. هەروەها بەدامەزراوەییکردنی ئەم پەیوەندییانە بۆ زەمینەسازی لەپێناو هەڵگیرسانی مانگرتنی گشتیی سیاسی بە خواستی دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی. تەنیا بە پشتبەستن بە هێزی هەر ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەیە کە دەتوانرێت فاشیزمی کۆماری ئیسلامی و سەڵتەنەتتەڵەبە فاشیستەکان تێکبشکێنرێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە